سەردێر

سەرۆككۆماری عیراق لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی روسیا كۆبوەوە

خەڵك
سەرۆككۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیكردن لەجێگری سەرۆكی حكومەتی روسیا باسی لەوەكردووە، كە ناوچەكە رووبەڕووی كێشە و ئالنگاری زۆر بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و كاری جددی بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و كەمكردنەوەی گرژییەكان لە رێگەی دیالۆگەوە.

د. بەرهەم ساڵح ، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٤/٢٢ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە یوری بۆریسۆڤ،، جێگری سەرۆكی حكومەتی روسیا و سەرۆكی لیژنەی ھاوبەشی عێراق- روسیا لەلایەن حكومەتی روسیا و سەبارەت بە گۆرانكاری و پێشھاتەكانی ناوچەكە گفتوگۆكرا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی فلادمێر پۆتین، سەرۆكی روسیای گەیاندە سەرۆك بەرھەم، ھاوكات سەرۆك كۆمار لە رێگەی یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی خۆی ئاڕاستەی سەرۆكی روسیا كرد.

لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و چۆنیەتی پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەكاندا كرا، ھەروەھا جەختكرایەوە لە گرنگی بەهێزكردنی ھەماھەنگی لە بوارەكانی ئاسایش و بەرگری بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریكاری بازرگانی و ئابووری و رۆشنبیری، بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی دۆست بكات.

هاوكات گفتوگۆشكرا دەربارەی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی عێراق – روسیا و پێویستی فراوانكردنی هەماهەنگی بۆ سەرخستنی بڕیارەكانی لیژنەی ھاوبەش لە رێگەی چاودێریكردنی ریككەوتننامەكان و واژووكردنی.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم جەختیكردەوە، ناوچەكە رووبەڕووی كێشە و ئالنگاری زۆر بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و كاری جددی بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و كەمكردنەوەی گرژییەكان لە رێگەی دیالۆگەوە.

هاوكات ئاماژشیكرد بە كرانەوەی عێراق بە رووی ناوچەكەدا بە ئامانجی بەهێزكردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە، ھەروەھا جەختیشیكردەوە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق بەشێكی گرنگە لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە، ھەروەك پێودانگێكی گرنگیشە رووەو بەهێزكردنی هاریكاری ئابووری و بازرگانی و پشتیوانیكردن لە دەرفەتی گەشەپێدان لە ناوچەكەدا.

لەلای خۆیەوە یوری بۆریسۆڤ، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و سەروەری عێراق و هەوڵەكانی بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش دووپاتكردەوە، هەروەها هەنگاوەكانی روسیای بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارەكان خستەروو.