سەردێر

نابێت كوشتن بكرێت بە مانشێت و هەواڵی بەپەلە

لە جیهاندا كوشتن و خۆكوشتن زۆرە بەڵام وەك میدیای كوردی بڵاوی ناكەنەوە بۆ ئەوەی هاندان دروست نەبێت

 

خەڵك

پسپۆڕێكی دەروونی دەڵێت، حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن لە وڵاتانی دوونیا بەڕێژەیەكی زۆر هەیە بەڵام كەناڵەكان نایكەن بە مانشێت و هەواڵی بەپەلە، چونكە ئەوە جۆرێك لە هاندانەو مەترسی گەورە دروست دەكات.

نزار گزالی پسپۆڕی دەروونی و مامۆستای زانكۆ بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، كوشتن و خۆ كوشتن جۆرێكن لە توندوتیژی ناوخۆیی خودی كەسەكان و دەرئەنجامی نەخوازراوی هەیە و ئەو كەسانەی پەنا دەبەنە بەر خۆ كوشتن میكانیزمەكانیان كارا نین نەیان توانیوە سەركەوتووبن لە مامەڵەكردن لەگەڵ گوشارە دەرونییەكانیان، كەسانی خوار تەمەنی 40 ساڵی واتە لە 15 بۆ 39 ساڵ بیر لە خۆ كوشتن دەكەنەوە.

وتیشی، هۆكارەكانی خۆكوشتن ئەوەندە زۆرن كە ناكرێت بە چەند دیمانەیەك و چەند ڕاپۆرتێكیش باس بكرێن كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێك جار هۆكارەكە بایۆلۆجییە(جەستەییە) ، یان دەروونیی و كۆمەڵایەتی، یان بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر.

جەستەییەكە واتە هەندێك گرفت لە گەشەی مێشكی كەسەكەدا هەیە، یان كەسەكە دووچاری نەخۆشییەك دەبێت وا دەكات بیر لە خۆكوشتن بكاتەوە كە ئەوە زۆر هەڵەیەو هەموو شتێك چارەسەری خۆی هەیە.

دەشڵێت، زۆرینەی ئەو كەسانەی بیری خۆ كوشتنیان بۆ دروست دەبێت ئەوانەن كە دووچاری خەمۆكی بوون ، هەستكردن بە تەنهایی ، دڵەڕاوكێ‌، گۆشەگیری زەبری دەروونی بوون.

لەبارەی زەبری دەرونییەوە نزار گزالی وتی، زەبری دەروونی ئەو حاڵەتەیە كە كەسەكە هیچ خۆی بۆ ئامادە نەكردووە و دووچاری بارودۆخێكی لەناكاو دەبێت، بۆ نموونە هاتنی كۆرۆنا یەكێك بوو لەو زەبرە دەروونیانەی وایكرد ژمارەیەكی زۆری خەڵك دووچاری خەمۆكی ببن چونكە خەڵك خۆی ئامادە نەكردبوو.
دەشڵێت، هۆكارێكی دیكە ئابوورییە كە خەڵكانێكی زۆر هەژار و بێكارن كە كەسەكان خەونێكی زۆریان هەیە بەڵام ناتوانن بەدی بهێنن ئەمە وادەكات كەسەكان پەنا بۆ خۆ كوشتن ببەن.

وتیشی، بڕین و نەبوونی مووچەش هۆكارێكی دیكەی دروستكردنی گوشاری دەرووونییە ، زۆر گرنگە ئەو كەسانەی هەستپێدەكرێت كە بیری خۆ كوشتن لە مێشكیاندایە زۆر بەباشی چاودێری بكرێن و ڕێنمونی دەروونی بكرێن بۆ ئەوەی بە دوور بن لەو كارە نەخوازراوە.

“كوشتن لەوڵاتانی دونیا بەڕێژەیەكی زۆر هەیە، بەڵام ناكرێت بە مانشێتی ڕۆژنامەكان و هەواڵی بەپەلە”

ئاماژەی بەوەشكرد، مامەڵەكردنی ڕاگەیاندن لە حاڵەتەكانی كوشتن و خۆ كوشتن زۆر مەترسیدارە كە تێیدا كەسی خۆكوژ دەكرێت بە پاڵەوان كە ئەوەش وا لە هەندێك كەس دەكات كە بەجۆرێك بیر بكەنەوە ئەگەر ئەوانیش ئەو كردارە دووبارە بكەنەوە ناوبانگێكی باش بەدەست دەهێنن.

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە چارەكی كۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا كوشتن بەردەوام لە زیادبووندایە و لە هەموو جیهان ساڵانە 800 هەزار كەس خۆی دەكوژێت و كە لە زۆربەی وڵاتاندان بەڵام ناكرێت بە مانشێتی ڕۆژنامەكان و ناكرێن بە هەواڵی بەپەلە لە پێناو ئەوەی هاندان دروست نەبێت، لە پاریس ڕووداوێكی خۆ كوشتن ڕوویدا كە كەسێك لەسەر بورجی ئیڤڵەوە خۆی هەڵدابووە خوارەوە، لە پێناو ئەوەی هاندان دروست نەبێت ڕەنگی بورجەكەیان گۆڕی چونكە ڕەنگ كاریگەریەكی زۆر لەسەر دەروون بەجێدەهێڵێت.