سەردێر

هەڵمەتی بایکۆتکردنی میدیا کوردییەکان دەستیپێکرد

خەڵک – نزار جەزا

 

پاش نزیکی ٣٠ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی و لە ١٢٣هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، بەهۆی خراپی کارکردنی میدیا لەگەڵ ڕووداوەکاندا بەشێک وەرگرە کوردەکان بایکۆتی میدیا کوردییەکانیان دەستپێکردووە.

 

لۆگۆی بەشێک لەمیدیا کوردییەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و لەسەرەوەیدا نوسراوە بۆ دەروونێکی ئارامتر ئەنلایکیان بکەن، لەژێر ئەم بڵاوکراوەیەشدا بەدەیان سەرنج دەخوێنیتەوە، کە نوسراوە (دەمێکە بایکۆتی میدیای کوردیم کردووە).

 

گەنجێک نوسیویەتی: ئەمشەو خوا یاربێت هەموو ئەو پەیجانەی ڕاستەخۆ ڕووماڵی تاوان و بنکۆڵی ڕووداوەکانی کوشتن و هەندێ کێشەی کۆمەڵایەتی دەکەن، هەموویان ئەنلایک دەکەم.

 

بایکۆتی میدیای کوردی لەماوەى ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەی تاکەکەسی هەبوو، بەڵام بەشێوەی گروپ و وەک هەڵمەتی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەپاش ڕووماڵێکی زۆر خراپی میدیای کوردی بۆ ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن زەقبووەوە، کە کاروان ئەنوەر سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لقی سلێمانی ئەو جۆرە لەڕووماڵکردن بەکارەسات وەسف دەکات و پێی وایە ئەمەی دەکرێت داهێنانێکی زۆر خراپی میدیایە و لەجیهاندا بەو شێوەیە نییە.

 

هێژا دڵشاد نوسەر و ڕۆژنامەنوس، زیاتر لە ١٥ ساڵە بایکۆتی میدیا کوردییەکانی کردووە، و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند خاڵێک کە بریتین لە:

یەکەم: میدیاکانی ئەمڕۆ هەمان میدیا کۆنەکانن، کە بەهەمان عەقڵیەتی حزبایەتی پێش ٢٥ ساڵ كاردەكەن، تەنھا كوالێتى شاشەكان بون بە ئێچ دى.

دووەم: ئەو میديايانە خاڵين لە ھەموو مەعريفە و جوانيیەك، کە تاک یان خێزان بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.

سێهەم: ميديا كوردييەكان ڕۆڵى تەواويان ھەبووە لە كەرتكردن و بێ ئومێدكردنى تاكى كۆمەڵگەى كوردى.

چوارهەم: بەبێ ئەوەى ميديا وەك دەسەڵاتى چوارهەم بتوانێت چارەسەرى كێشەكانى كومەڵگە بكات، بەداخەوە وەرگرەكان بەبێ ھيچ سوودێك ڕۆژانە چەندان کاتژمێر بەديار ميديا كوردييەكانەوە دادەنيشن.

 

ئەو ڕۆژنامەنوسە پێی وایە، ميديا جيھانيیەكان سەرنجڕاكێشترن، چونکە لەڕێگەی ئەوانەوە دەتوانیت زانیاری زۆر ورد و جیاواز بەزمانی جیاواز وەربگری، لەکاتێکدا لەمێدیا کوردییەکانەوە ئەم زانیارییانە نابینیت و سوودیان نییە، چونکە هەمان عەقڵیەتی سەردەمی شەڕی ناوخۆیان هەیە، لەجیاتی شەڕی ڕووبەڕوو شەڕی میدیایی دەکەن.

 

ئەمڕۆ لە ١٢٣هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا تەنها وەرگرەکان نین، کە لەئاستی میدیای کوردی ناڕازین، بەڵکو بەشێکی زۆر لەڕۆژنامەنوسان و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و چاودێران، خراپی ئاستی میدیای کوردی دەبینن و لەمڕۆژەدا دەیان سەرنجیان لەسەر نوسیوە.

 

ڕۆژنامەنوسێکی دیکە بەناوی ئامەد حەسەن ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە بەشێکی زۆر لەکەناڵە کوردییەکانی لەئامێری سەتەلایەتەکەیدا سڕیونەوە و زۆرینەی پەڕەکانی سۆشیال میدیایشی ئەنلایک کردووە، ئەو کەناڵانەى کە زۆر بێ بەهان و ڕووی تەماشاکردن و بەهای بەخشینی کاتیان نییە، هەندێک کەناڵی دیکەش کە ژمارەیان لەپەنجەکانی دەست تێپەڕناکات لەڕیزبەندی ٢٠٠دا هێشتۆتەوە، بۆ هەندێک کاتی زۆر تایبەت، وەک ڕووداوێکی گرنگی ناوخۆیی یان بۆ زانینی هەڵوێستی سیاسی حزب و حکومەت و سەرکردەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر کەم و سنووردار تەماشایان دەکات.

 

ناوبراو باسی لەئەوەکرد، زۆرینەى میدیا کوردییەکان لەحزبی و سێبەر و بەناو سەربەخۆکان، هەر کارێک دەکەن دوورە لەبنەماکانی کاری ڕاگەیاندن، تەنها ئامانجێک کە هەیانبێت، بەناوبانگکردنی خاوەنی دەزگاکە و هەندێک کەسی ناو دەزگاکەیە، یان شکاندنی لایەنی بەرامبەر و دروستکردنی فەوزا، بەبێ بوونی هیچ زانیاری و شێوزاێکی سەردەمیانەى میدیایی جیهانی.

 

میدیا دەسەڵاتی چوارهەمە بەسەر دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت و پەڕلەمانەوە، بەڵام ئێستا میدیای کوردی ئەم دەسەڵاتەی زۆر کەمبۆتەوە و خۆی بەهەندێک بابەتی ڕۆتینییەوە خەریک کردووە، کە کەمترین بەهای هەواڵی هەیە، لەکاتێکدا بەهای هەواڵ یەکێکە لەگرنگترین پایەکانی کاری میدیایی.