سەردێر

لە پەیامنێرییەوە بۆ پەرلەمانتاری

میدیای كوردی چۆن گەیشتە ئەم ئاستە نزمەی ئێستای؟

خەڵك- ئامەد حەسەن

لە دوای 2000 وە رۆژانە میدیای كوردی لە رووی چەندێتییەوە گەشە دەكات، بەڵام رۆژانە نێوەرۆك و بەهای میدیای كوردی دادەبەزێت.

میدیای كوردی لە پێشكەوتووترین تەكنۆلۆژیا و خراپترین نێوەرۆكی پەیامدا

شارەزایانی میدیایی باس لەوە دەكەن میدیای كوردی ئێستا سەرەڕای ئەوەی پارەیەكی زۆری لەبەردەستدایە لەگەڵ نوێترین ئامێری سەردەم، بەڵام لە خراپترین ئاستیدایە.

شارەزایانی میدیای كوردی هۆكاری پاشەكشەی میدیای كوردى چڕ دەكەنەوە لە چەند خاڵێكدا لەوانە:

یەكهەم: دەست بەسەرداگرتنی میدیا لەلایەن حزب و بەرپرسان و بنەماڵە و كەسایەتییە دەستڕۆیشتووەكانەوە، ئەم لایەنانە راگەیاندن وەك ئامڕازێك بۆ بەرگریكردن و بەنێوبانگكردنی خۆیان و هێرشبردن بۆ سەر نەیارەكانیان بەكاردەهێنن بە بێ هیچ بنەمایەكی كاری رۆژنامەوانی بە بەكارهێنانی نزمترین ئاستی قسەكردن و نوسین و لێدوان تەنانەت ئەو جۆرە قسەكردنە لەنێو بازاڕ و دانیشتنی ماڵانیشدا قەبوڵكراو نین، ئەمەش درێژكراوەی شەڕی میدیایی نێوان بنەماڵە سیاسییەكانی كورد بووە لە رابردوودا ماوەی چەندین دەیەیە لە نزمترین ئاستی ئاخافتن و گوتن و نوسیندا بەردەوامی هەیە كە سوكایەتی بە كۆی كۆمەڵگەی كوردی دەكات.

ئاستی گوتاری هەندێك میدیای كوردی هێندە نزمە لەنێو بازاڕ و ماڵانیشدا پەسەند نییە

دووهەم: ئەم دەزگا راگەیاندنانە كە بودجەیەكی گەورەیان لەسەر حسابی خەڵكی كوردستان بۆ خەرج دەكرێت جگە لەئەركی سەرەكییان كە دڵرازیكی بەرپرسەكانیانە، بە دوای لایك و كۆمێنتی سۆشیا میدیا كەوتوون، لە هەموو بنەمایەكی كاری رۆژنامەوانی داماڵراون، هیچ بنەمای دەزگایەكی میدیاییان تێدا نییە كە خۆی كەناڵێكی ئاسمانییە بەنمونە، بەڵام پەیام و نێوەرۆكەكەی جگە لە پەیجى هەزرەكارێكی  فەیسبووك كە بەدوای لایك و كۆمێنتەوەیە، هیچی دیكە نییە، بە ئەم جۆرە كاركردنەیان ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی، پیرۆزیی نیشتمانی و ئاینییان خستووەتە مەترسییەوە و ئاستی رۆژنامەوانی كوردی، هونەری كوردی، كۆمەڵگەی كوردییان زۆر هێناوەتەخوارێ، بوونە شوێنی خۆنمایشكردنی كۆمەڵێك كەس و خەڵكی ئاست نزم لە هەموو بوارەكان بەتایبەت بواری هونەری و سیاسی، سوكایەتی بە هەموو بەها بەرزەكان دەكەن.

خۆی كەناڵێكی ئاسمانییە بەڵام نێوەرۆكەكەی لە پەیجی هەرزەكارێكی سۆشیال میدیا تێپەر ناكات

سێهەم: خاوەن دەزگاكان زۆرترین كەسی نەشارەزا بە كاری میدیایی، دوور لە بنەما دروستەكانی رۆژنامەوانی جیهانی و سەردەمیانەیان كردووەتە بەڕێوەبەر و بەرپرس لە دەزگاكانیان، پارەی مۆڵیان بۆ رشتوون، لە پێناوی ئەوەی هەرچییەكیان بوێت بۆ سەرووی خۆیان بیكەن، لە بەرامبەردا رێگا بۆ چوونە پێشەوەی رۆژنامەوانە باش و بەتواناكان نادرێت كار بكەن یان خۆیان رازی نین لە ئەو جۆرە دەزگایانەدا كار بكەن، بۆیە لە ماوەی رابردوودا بینیومانە بەشێك لە رۆژنامەوانە باشەكان بێكار لە ماڵەوە دانیشتوون یان روویان كردووەتە كاری بازرگانی و پرۆژەی سەربەخۆ، بەڵام ئەو كەسانەی بە دڵی بەرپرس و خاوەن دەزگاكانیان دەكەن زۆرینەیان كادری حزبین پارەیەكی مۆڵیان بۆ رژاوە و خۆیان پێكردووەتە میدیاكاری پلە یەك و دواتریش بەرپرسەكانیان هەڵیاندەكێشن بۆ بوونە پەرلەمانتار و پێدانی پلەی باڵای حكومی یان حزبی بە دەگمەن دەبینرێت میدیاكارێك ماوەیەكی زۆر لەنێو كارەكەیدا بمێنێتەوە پاش ساڵانێك لە پۆستێكی باڵادا سەر دەردەهێنێتەوە.

كەسانی ناشارەزا بە میدیای كوردان، دڵرازیكەری بەرپرسان، لە پەیامێنرێكی كەمئەزموونەوە دەستپێدەكەن لە سەر كورسی پەرلەمان و حكومەت دەنیشنەوە

چوارهەم: راگەیاندنی كوردی تادێت بەتاڵ دەبێت لەكاری جدی میدیایی، رۆژنامە (هەرچەند لە ئاستی جیهان لە پاشەكشەدایە بەڵام هێشتا رۆژنامە لە جیهاندا گرنگی خۆی هەر ماوە رۆژنامە بەنێوبانگەكان كاری خۆیان هەر دەكەن، شێوازی خۆیان لەنێو دنیای پێشكەوتووی تەكنۆلۆژیادا دۆزیوەتەوە، لەوانە رۆژنامە بەنێوبانگەكانی واشنتن پۆست، نیوريۆك تایمز) بەڵام كورد خاوەنی رۆژنامەیەك نییە جێگەی شانازی بێت لە ئێستا.

رادیۆ و كەناڵە ئاسمانی و ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێتیش لە هەموو بنەماكانی كاری تایبەتی خۆیان داماڵراون، كاری خۆیان چڕكردووەتەوە لە سۆشیال میدیا و رۆڵی تەنها پەیجێك دەبینن ئەویش لەپێناو كۆكردنەوەی زۆرترین كەس لە دەوریان بۆ زیاتر ناساندنی بەرپرس و خاوەنی كەناڵەكانیان، دواتر ناساندنی میدیاكارەكانیان تا وردە وردە بكرێنە پەرلەمانتار و خەڵك دەنگیان پێ بدا.

لە میدیای ئاستبەرزی جیهانیدا، ئابووری، ژینگە، دیكۆمینتاری، لە میدیایی كوردیش  بەیاننامەی بەرپرسان، هەواڵی لیژنەكانی قائیمقامییەت، كچە مودێل و مەلا و شەربەت و شرینی رەمەزان

میدیای كوردی غیابە لە رووی ئابووری، ژینگەیی، گەشتیاریی، زانستی و تەكنەلۆژی، دیكیۆمێنتی و مێژوویی و زۆر بواری دیكە كە ئەمڕۆ رووی میدیا جیهانییەكانی داپۆشیوە كاری جدی لەسەر دەكرێت، بەڵام میدیای كورد جگە لە هەواڵی بەیاننامە و كۆبوونەوەی بێنێوەرۆكی بەرپرسان، هەواڵی كچە مۆدێلەكان، هەواڵی لیژنەكانی قائیمقامییەت، هەواڵی مووچە و ئاگادارییەكانی دەزگاكانی حكومەت، سواڵ و سەدەقە و گوتاری مەلا و شەربەت و شیرینی بەربانگ، هیچ كارێكی جدی میدیاییان لێ نابینرێت.