سەردێر

ئەمڕۆ 123 هەمین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەری كوردییە

لە 22ی نیسانی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی لە قاهیرە لەسەر دەستی بەدرخانییەكان دەرچوو

میقداد مدحەت بەدرخان

خەڵك-

لەرۆژی ٢٢/نیسانی/ ١٨٩٨ میقداد مدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی میسر یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردی بە ناوی رۆژنامەی كوردستان دەركرد، بەڵام دوای 123 ساڵ ئێستا میدیای كوردی جگە لە داردەستی حزب و بەرپرسەكانی هیچی دیكەی لێ نەماوەتەوە.

مێژووی رۆژنامەوانی كوردی

رۆژنامەی كوردستان 3 هەزار دانەی لێ چاپ كراوە و بە خۆڕایی دابەشكراوە.

رۆژنامەی كوردستان ئەو ژمارانەی لەچەند وڵاتێكەوە لێ چاپكراوە، بەڵام ژمارەی یەكەم لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچووە و دواین ژمارەشی كە ژمارە 31 بووە لە ژنێفی پایتەختی سویسڕا بووە.

رۆژنامەی كوردستان لەسەر دەستی میقداد مدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخانی برایەوە دەركراوە.

میقداد مدحەت بەدرخان كوڕی میر بەدرخان پاشای میری‌ بۆتانەو لە باكوری كوردستان و لە ساڵی ١٨٩١ چوەتە میسر، لە قاهیرە یەكەم ژمارەی‌ رۆژنامەی‌ كوردستانی‌ دەركرد.

لە دوای ئەم رۆژنامەیە چەندین رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەی دیكەی كوردی چاپ و بڵاوبوونەوە بەتایبەت لە باشوری كوردستان، لەوانە (رۆژی كورد) (بانگی كوردستان) (زاری كرمانجی) (گەلاوێژ) (نزار) (رۆناهی) (ژین) و ژمارەیەكی دیكە.

قۆناغەكانی میدیای كوردی

دوای ساڵانێك لە سەرهەڵدانی رۆژنامە و گۆڤاری كوردی و میدیای نووسراو، لە نێو كورددا میدیای بیستراو سەری هەڵدا چەندین كەناڵی رادیۆیی لە نێوخۆی كوردستان و دەرەوەی كورد سەریان هەڵدا لەسەدەی رابردوودا لەوانە رادیۆی كوردی بەغدا، رادیۆ كوردی تاران، رادیۆی كوردی كرماشان، رادیۆی كوردی لە میسر و یەریڤان و حەیفا، دەنگی كوردی ئەمریكا.

لەنێوخۆی باشور و رۆژهەڵات و باكوری كوردستانیش حزبەكان رادیۆی كوردی تایبەت بە خۆیان لە قۆناغەكانی شۆڕشی چەكداریدا دامەزراندووە.

لە دوای ئەم قۆناغەش میدیای بینراوی كوردی سەر هەڵدەدات بە نێوبانگترینی قۆناغی رابردوو كەناڵی كەركوك بووە كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سەرپەشتی كراوە، دوای راپەڕین لە باشوری كوردستان ژمارەیەك كەناڵی نێوخۆیی دروستبوون.

لە نێوەڕاستی نەوەدەكان لە ساڵی 1995 لە ئەوروپا یەكەم كەناڵی ئاسمانی كوردی بەناوی MED سەری هەڵدا، ئەم كەناڵە پەكەكە خاوەندارێتی دەكرد بووە سەرەتای سەرهەڵدانی میدیای ئاسمانی كوردی.

شرۆڤەكاران و شارەزایانی كاری راگەیاند چاوەڕێی ئایندەیەكی رۆشن بۆ میدیایی كوردی ناكەن تا نەگەڕێتەوە سەر بنەڕەتە رەسەنەكەی خۆی، بەڵام ئێستا مەحاڵە.