سەردێر

لە مانگی ڕابردوودا 61 حاڵەتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ تۆمار كراوە

خەڵك
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٦١ حاڵەتی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان تۆمار كراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٦١ حاڵەتی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان تۆمار كراوە و 12 حاڵەتیان كۆڵبەر بوون كە ٣ كەسیان گیانیان لە دەستدا دوو كەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و كەسێكیشیان بە هۆی ئەشكەنجەی هێزەكانی توركیا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها ٩ كۆڵبەر بریندار بوون كە ٨ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە هێزەكانی ئێران بووە و كۆڵبەرێكش لەلایەن هێزەكانی توركیا بریندار كراوە.

لەڕاپۆرتەكەی هەنگاودا ئەوەش هاتووە، سێدارە و گیان لە دەستدان لە بەندیخانە 6 حاڵەت بووە، بە جۆرێك سزای سێدارەی پێنج بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئورمیە و بیرجەند جێبەجێ كراوە كە خەڵكی شارەكانی دیواندەرە، ئورمیە و شنۆ بوون بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندكراوێكی خەڵكی ئیسلام ئاباد (شاباد) لە پارێزگای كرماشان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشكییەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەوەش بڵاوكراوەتەوە، كوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین ٣ حاڵەت بووە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ژنێكی خەڵكی قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها، هاووڵاتییەكی خەڵكی ڕەبەت بە تەقەی هێزەكانی ئێران كوژراوە و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، دەستبەسەر كران و سەپاندنی حوكم ٣٤ حاڵەت بووە كە ٢٤ هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاكی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر كراون و ١٠ هاووڵاتیی كورد بە تۆمەتی چالاكی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای٩٩ ساڵ بەندكرانیان بە سەردا سەپاوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا 6 كرێكار كە خەڵكی كرماشان، موژژ، سنە و سەردەشت بوون و لە كاتی كار كردن و بە هۆی ڕووداوی كارەوە گیانیان لە دەست داوە و یەكێكیشیان لە هەرێمی كوردستان گیانی لە دەست داوە.