سەردێر

داوای كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان بۆ پۆلی (1 و 2 و 3) دەكرێت

خەڵك-
بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی ماونەتەوە و بڕیارە بەم نزیكانە حكومەتی هەرێم بڕیاری نوێ‌ لەبارەی خوێندنەوە بدات و شارەزایانی بواری پەروەردەش داوا دەكەن لانی كەم پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلەكانی (1 و 2 و 3ی بنەڕەتی) دەستپێبكاتەوە و دەپرسن هەموو سێكتەرەكان كراوەن بۆ تەنها پەروەردە داخراوە؟

لە مانگی ڕابردوودا و تەنها دوای مانگێك لە پڕۆسەی خوێندن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا دەرگا ناوەندەكانی خوێندن دابخاتەوە جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی و خوێندن بكرێتە ئۆنلاین، بەڵام ئەو بڕیارە نیگەرانی مامۆستایان و خوێندكارانی لێكەوتۆتەوە و دەپرسن فەرمانگە و مزگەوت و دوكان و بازاڕەكان و كافتریاكان جمەیان دێت بۆ تەنها خوێندنگەكان دادەخرێن؟

ئارام سەردار، ڕێنماییكاری پەروەردەیی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، گەر هەر بەنیازنین خوێندنگەكان بكەنەوە، تەنها پۆلی (یەك و دوو و سێ)ی بنەڕەتی بابێنەوە پۆلەكانیان و شتێك فێرببن.

دەشڵێت: “فەرمانگەكان لە یەك شەممە بۆ چوار شەممە دەوامی تێدایە و دیارە وەزعەكە باشە، ئەمن تێ ناگەم بەس خوێندكار و پەروەردە بەم شێوەیە فەرامۆش بكرێن و بەداخراوی بمێنێتەوە؟”.

هاوكات، ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت: “لە بەدووداچوونی مەیدانیم لەدوو شەوی ڕابردوودا بۆ ناو شاری هەولێر ناو بازاڕ و ڕیستۆرانت و كافێ و چایخانە و نێرگەلەخانەكان قەرەباڵغیەكی زۆر و تێكەڵاوییەكی زۆر هەیە بێ ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكان”.

دەشڵێت: “ئەمە بانێكە و دوو هەوایە و داخستنی دەرگای قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان ئامانجێكی ڕوونی لەپشتەوەیە، كە نەوەی ئێستا سەرقاڵی خوێندن و فێر بوون نەبێت و كاتە زێڕینەكانی تەمەنی لەگەڵ سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و شتی بێسوود بەسەربەرێت تا ئەم نەوەیە نەیپەرژێتە سەر پرسەكانی دادپەروەری و شەفافیەت و چاكسازی و داوای مافەكانی”.

لای خۆشیەوە، لای خۆشیەوە، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوار شەممە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و لەسەر بەردەوامیدان بە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان یان کردنەوەی بڕیاری پێویست دەدەن.

وتیشی، “ئایندەی خوێندکاران لامان گرنگە و دەمانەوێت ئەمساڵی خوێندن نەفەوێت”.

داخستنی دەرگای خوێندنگەكان لەكاتێكدایە، كە سەرەڕای زۆری تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا بەڵام دەوامی فەرمانگەكان نەوەستاوە و بازاڕ و هاتووچۆ و كافتریا و سەرجەم شوێنەكانی دیكەش بە مزگەوتەكانیشەوە كراونەتەوە.