سەردێر

فەڕەنسا بڕیارێكی نوێ‌ لە بەرژەوەندی پەنابەران دەدات

خەڵك-
وڵاتی فەڕەنسا بڕیاریداوە هەر پەنابەرێك بە خواستی خۆی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خەرجی گەشت و بڕێك پارە وەك هاوكاری و شوێنی مانەوەیان پێ‌ بدرێت و بۆ ئەوەش تا ئێسا 100 كۆچبەری كورد ناوی خۆیان تۆمار كردووە.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، چەندین چالاکی سەر شەقام لە فەڕەنسا ڕێکدەخرێت لەلایەن (OFII) ئۆفیسی فەڕەنسی بۆ کۆچکردن و بەیەکەوەبەستن، کە ئامانج لێی هاندانی ئەو پەنابەرانەیە، کە داوانامەی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە یاخود ئەوانەی بەڵگەنامەیان نییە، کە بە شێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیاتر لە ٤٠٠٠ کۆچبەر بە شێوەی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بەتایبەت عێراقی و ئەفغانی و پاکستانی، کە ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە حکومەتی فەڕەنسا تێچووی گەشتەکە و بڕی ١٨٥٠ یۆرۆ دابین دەکات بۆ هەر کۆچبەرێک، کە بە ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی.

وتیشی، “ئەو کۆچبەرانەی بەڵگەکانیان ڕەت دەکرێتەوە ئەو بەڵگەنامانەش وەردەگرن، کە زانیارییەکانی تێدایە دەربارەی چۆنیەتی سودمەند بوون لە هاوکارییەکە و لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین کراوە بۆ ئەوەی تا کاتی گەشتەکەیان تیایدا بمێننەوە ئەمەش چەندین مانگ دەخایەنێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی زۆرینەی سنورەکان”.

ئاری جەلال ئاشكراشی كرد، بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ کۆچبەری کورد لە چاوەڕوانیدان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.