سەردێر

نرخی ئاڵتون بەرزبووەوە

خەڵك-
بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا لە جیهان و ڕاگەیاندنی پاكێجی گەشەی ئابووری ئەمریكا لەلایەن بایدنەوە، نرخی ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و لەماوەی ئەم مانگەدا یەك ئۆنسە نزیكەی 100 دۆلاری چۆتەسەر.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی زێڕ لە بۆڕسەی جیهانی بەرزبوونەوەی تۆماركردووە و نرخی یەك ئۆنسە گەیشتۆتە 1796 دۆلار و ئەگەر ئەمڕۆ گۆڕانكاری تری تێدا ڕوونەدات ئەوا زیاتر بەرزدەبێتەوە بۆ 1818 دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی یەك لیرەی عەیارە 22 بە 387 دۆلارە و نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 430 هەزار دینارە و عەیارە 21 بە 377 هەزار و عەیارە 18 بە 325 هەزار دینارە.

لەماوەی ڕابردوودا، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا پاكێجێكی بە بڕی 1.9 ترلیۆن دۆلار ڕاگەیاند بۆ بوووژانەوەی ئابووری و هەلی كار و بڕیاریشە بەم نزیكانە پاكێجێكی دیكەی بە بڕی 2 ترلیۆن دۆلار ڕابگەیەنێت و ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ كردووە لە بۆڕسەی جیهانی.