سەردێر

تەندروستی لەسەر دەنگۆی بەقاچاخ بردنی ڤاكسینی فایزەر بۆ ئێران هاتەدەنگ

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنگۆی بەقاچاخ بدرنی ڤاكسینی فایزەر بۆ ئێران ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ فۆرم و مۆرێكی تەندروستی هەرێم لەسەر ڤاكسینەكانی فایزەر بەكارنایەت.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی كرد بەهەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و چاودێریكردنی هەردوو وەزیری تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان و نوێنەری كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاكسینی (فایزەر) كە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە.

پێشتر تۆڕی هەواڵی (بی بی سی فارسی) لە ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆییدا بڵاویكردەوە، كە ڤاكسینی فایزەر لە كوردستانی عیراقەوە بە قاچاخ هێنراوەتە ئێران.

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی

لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە سندوقێكی ڤاكسین جۆری فایزەر دزەی كردووە بۆ یەكێك لە وڵاتان، بەپێویستی دەزانین بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕوونبكەینەوە كەوا ئەم ڤیدیۆیە دروستكراوە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە وە بەناوی كەناڵی BBC بە مۆرێكی ساختەی بەناو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان پێشان دەدرێت.

دەستبەجێ لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی كرد بەهەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕال و چاودێریكردنی هەردوو بەڕێزان وەزیری تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان و نوێنەری كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاكسینی (ڤایزەر) كە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە بەڵكو ئەم ڕاستیانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

1. هیچ فۆرم و مۆرێكی تەندروستی هەرێم لەسەر ڤاكسینەكانی ڤایزەر بەكارنایەت چونكە ڕاستەوخۆ ڤاكسینەكە بۆ هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە بەڵكو تەنها لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بۆیە ئەو كارت و مۆر و فۆڕمە هیچ سەرچاوەیەكی ڕاستی و دروستی نیە.

2. جۆرەكانی ئامێری چاودێریكردن و پارامیتەری سەر سندوقەكە و زانیاریەكان تەواو جیاوازە و هاوشێوەی ئەو جۆرە نیە، كە لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە.

3. نوێنەری كۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ هەموو سندۆقێك لەكاتی گواستنەوە ئامادە دەبن تا دەگاتە سەنتەری بەكارهێنان و بۆ هەر گواستنەوەیەك بە سیستەمی چاودێریكردنی كۆمپانیا لە سەنتەری سەرەكیەوە ئاگادار دەبێت.

بۆیە دڵنیاتان دەكەینەوە كەوا تا ئێستا ٩ سندوق لە ٨ سەنتەری ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشكردنی ڕوونە بەتەواوی داتا و زانیاری و چۆنیەتی دابەشكردن تۆماركراوە بەسیستەمی مەركەزی لەگەڵ بەغداد بەستراوە.

لە كۆتاییدا نیگەرانیمان لەوەیە كە هەوڵی تێكدان و دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەنێو هاوڵاتیان تەنها بەمەبەستی ئاژاوە و لەكەداركردنی ئەم پڕۆسە پیرۆزەیە بە مەرامی تێكدانی سیستەمی ناردنی ڤاكسین و دابەشكردنە لە هەرێمی كوردستان بە ڕادەیەك ئامانج تیایدا نەناردنی ئەم خزمەتگوزاریە مرۆییەیە بۆ هاوڵاتیان.

دووپاتیی دەكەینەوە لێكۆڵێنەوە و بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە هۆكار و سەرچاوەی دروستكردنی ئەم ئاژاوەگێڕیە و لەهەر دەرەنجامێكی دیكەدا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەكەینەوە.

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
21 نیسان