سەردێر

دواین بڕیار بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دەدرێت

خەڵك-
بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستتا دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی ماونەتەوە و وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوە دەكرێت و بڕیاری نوێ‌ دەدرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا تەنها دوای مانگێك لە كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان، دووبارە پڕۆسەی خوێندن لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم ڕاگیرایەوە و خوێندن كرا بە ئەلیكترۆنی جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی، بەڵام ئەوە ناڕەزایی خوێندكاران و مامۆستایانی لێكەوتەوە بەهۆی ئەوەی “سەرجەم سێكتەرەكان كراونەتەوە جگە لە خوێندنگەكان”.

لای خۆشیەوە، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و لەسەر بەردەوامیدان بە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان یان کردنەوەی بڕیاری پێویست دەدەن.

وتیشی، “ئایندەی خوێندکاران لامان گرنگە و دەمانەوێت ئەمساڵی خوێندن نەفەوێت”.

داخستنی دەرگای خوێندنگەكان لەكاتێكدایە، كە سەرەڕای زۆری تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا بەڵام دەوامی فەرمانگەكان نەوەستاوە و بازاڕ و هاتووچۆ و كافتریا و سەرجەم شوێنەكانی دیكەش بە مزگەوتەكانیشەوە كراونەتەوە.