سەردێر

“شەڕەكەی قامشلۆ یاری ڕوسیا و سوریایە و ئەوپەڕی نائەخلاقیە”

خەڵك-

ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، شەڕەكەی لەقامشلۆ بەشێكە لە یاریەكانی ڕوسیا و حكومەتی سوریا.

ساڵح موسلم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشەكەی سوریا بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراوە و دەستی ڕوسیای لە پشتەوەیە.

وتیشی”ئامانجی ئەو هێرشانە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەیە، ئەوان بەدوای بڵاوكردنەوەی ئاژاوەنانەوەدا دەگەڕێن، بەجۆرێكی دیكە دەیانەوێت گەل بترسێنن و هەوڵ بۆ سەلماندنی بوونیان بدەن و كێشە دروستبكەن، ئەمەش ئەوپەڕی كارێكی نائەخلاقیە”.

ئاشكراشیكرد، ئەم هێرشە پیلانێكە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری جەماوەری بۆ حكومەتی دیمەشق لە پێش هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە دەیەوێت پشتیوانی خەڵك لەو ڕێگەیەوە بەدەستبهێنێت، ئەوان لە ڕێگەی فشارەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن، پێدەچێت دەست بەكاری سەربازی بكەن.

لە شەوی ڕابردووەوە شەڕ لەنێوان هێزەكانی سوریا و هێزە كوردییەكان لە قامشلۆ دەستیپێكردووە و بەهۆیەوە دەیان كوژرا و بریندار هەیە.