سەردێر

“داوای کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەکەین”

سلێمانی- نزار جەزا

ئەمڕۆ قوتابیانی بەشێک لەقوتابخانە جیاوازەکانی شاری سلێمانی دژ بەخوێندنی ئەلیکترۆنی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و بەردبارانی بینای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد.

 

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زۆرینەى ئەو خوێندکارانە لەقۆناغی یازدەن، ئەوان بەهۆی ئەوەی ساڵێکی دیکە دەچنە قۆناغی دوازدە داوادەکەن، دەست بەدەوامی ناو قوتابخانەکان بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی زانستییان بۆ ساڵی ئایندە دانەبەزێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، هەر بەیانی زوو گوێیان لەداواکاری ئەو خوێندکارانە گرت و پێیان ڕاگەیاندن، داواکارییکەیان قسەی لەبارەوە کراوە و شەوی ڕابردووش لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەی کردووە کە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بکەن، بۆئەوەی ئەگەر ڕێگەیان پێبدەن دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ١١ ڕێگەیان بەخوێندکاران داوە بۆئەوەی بەئەلیکترۆنی بخوێنن، هەفتانەش لەقوتابخانە مامۆستا ئامادەبێت، بۆئەوەی ئەگەر خوێندکارێک پرسیاری هەبوو بچێتە قوتابخانە و پرسیاری خۆی بکات.

 

بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لەخوێندکاران لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد، لەناو قوتابخانەکان دەست بەخوێندن بکەنەوە و کۆتایی بەخوێندنی ئەلیکترۆنی بهێنن.