سەردێر

سلێمانی، بەنزینخانەیەك داخرا

 

بەهۆی پابەند نەبون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، قائیمقامیەتی سلێمانی بەنزینخانەی پاك دادەخات.

ئەمڕۆ چوار شەممە بابان ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی جێبەجێ نەكردنی مەرجەكانی سەلامەتی لە شوێنەكەیدا، لیژنەكانی قائیمقامیەت بەنزینخانەی پاك لە شاڕێی تاسڵوجەی شاری سلێمانی دادەخات.

وتیشی:”نەبونی مەرجەكانی سەلامەتی لە بەنزینخانەكاندا‌ و لەكاتی روداوە نەخوازراوەكان مەترسی بۆسەر ژیانی ئەو كەسانەی لەو كاتەدا لەشوێنەكەن دروست دەكات، بۆیە هەر شوێنیك سەرپێچی لە رێنماییەكانی بەرگری شارستانی بكات روبەڕوی داخستن دەكرێتەوە”.

راشیگەیاند: یەكێكی دیكە لە سەرپێچییەكانی بەنزینخانەی پاك، نەبونی مۆڵەتی كاركردنە، بەپێی رێنماییەكانی كاركردن، مۆڵەت بنەمای كاركردنە بۆ هەركەسێك بەنیازبێت لە شوێنێكدا كارێك ئەنجام بدات، پێویستە سەرەتا‌ مۆڵەتی تایبەت بە كاروپیشەكەی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وەربگرێت، پاشان دەتوانێت كاری تێدا بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی سەلامەتی قائیمقامیەتەوە دادەخرێت و خاوەنەكەشی رووبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.