سەردێر

“هیچ گرێكوێرەیەك لە پڕۆژە یاسای بودجەدا نییە”

خەڵك
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی پرۆژەیاسای بودجە جێگیردەكرێت و هیچ گرێكوێرەیەك لە پڕۆژە یاسای بودجەدا نییە.

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ گرێكوێرەیەك لەپرۆژەیاسای بودجە نیە تەنها داتاكان ئامادەكراون و لەگەڵ وەزارەتەكان گفتوگۆكراوە، ئەمڕِۆ هێڵە گشتیەكانی بودجە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت موچەی فەرمانبەرانیش لەوچوارچێوەیەدا جێگیردەكرێت ، كە تایبەتە بە خەرجیەكان و داهات و كورتهێنان و قەرزەكان و رێكخستنەوەی سەرجەمیان.

وتیشی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی عێراق كردووە بۆئەوەی پابەندبونەكانی سەر هەرێم لەچوارچێوەی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێبكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمجارە سەردانی شاندی هەرێم جیاواز دەبێت بەجۆرێك شاندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە گفتوگۆ دەكەن و گفتوگۆكان جۆرێك لە تایبەتمەندی وەردەگرن.