سەردێر

وادەی ناردنی پشكی هەرێم ئاشكرا كرا

خەڵك-تەنیا هەورامی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات.
دوای پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عێراق و ڕێكەوتنی نێوانی هەرێم و بەغدا، هەرێم چاوەڕێی وەرگرتنی بەشە بودجەی ئەم مانگەی لە عێراق دەكات و بەپێی زانیارییەكانیش كۆتایی ئەم مانگە عێراق بودجەكە ڕەوانە دەكات.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق پابەند دەبن بە ڕێكەوتنی نێوانیان.

وتیشی”پێشبینی دەكەم حكومەتی عێراق تاكو كۆتایی ئەم مانگە پشكی هەرێم بنێرن”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، تاكو ئێستا چۆنێتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیار نییە، هاوكات دوێنێ سێ شەممە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بەپێی میكانیزمی پێشوو بە بڕینی 21% مووچەی مانگی نیشان دابەش دەكرێت، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری داوای لە گە‌نجینە‌كان نەكردووە‌ لیستی دابە‌شكردنی مووچە‌ی مووچە‌خۆرانی هە‌رێمی كوردستان ئامادە‌ بكە‌ن بە‌ تە‌مویلكردنی ٧٩٪‏ ی مووچە‌ یاخود لێبڕینی ٢١٪‏.
ئاشكراشیكرد، بەهە‌موولایە‌كی ڕادە‌گە‌یە‌نین ئە‌و بابە‌تە‌ ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هە‌رێمی كوردستان بڕیاری لێدە‌دات كە‌ چە‌ندی مووچە‌ تە‌مویل دە‌كرێت لە‌سە‌ر بنە‌مای داهاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و دواتر وە‌زارە‌تی دارایی بڕیارە‌كە‌ جێبە‌جێی دە‌كات، بەهیچ شێوە‌یە‌ك ئە‌م بڕیارە‌ تایبە‌ت نییە‌‌ تە‌نها بە‌ وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ستە‌ بە‌هە‌موو ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانە‌وە‌.