سەردێر

پێشبینی دەكرێت تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم زیاتر ببێت

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك ڕایدەگەیەنێت، لە 35%ی ئەو پشكنینانەی بۆ كۆرۆنا دەكرێت لەدهۆك پۆزەتیڤ دەردەچێت.

د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، خەڵكی لە دهۆك ڤاكسین وەردەگرن و “ڕەغبەتیان” زۆرە لە وەرگرتنی، ڕێژەی زۆرباشیشمان لە ڤاكسینی سینۆفارم و ئەسترازینیكای بەریتانی و فایزەریش بۆ هاتووە ئەگەر تێكڕا وەربگرین تائێستا لە 98% تێپەڕیووە كە سەرفمان كردووە.

وتیشی”ناتوانیین خەڵك ناچار بكەین بۆخۆیان جۆری ڤاكسینەكە هەڵدەبژێن، بەڵام فایزەر لەهەموویان كەمترە بۆیە دەست هەموویان ناكەوێت، هەتا مانگی 9 ی 2021 پلان دانراوە كە 20% خەڵكی پارێزگای دهۆك ڤاكسین وەربگرن”.

ئاشكراشیكرد، لە شەپۆلی دووەمداین لە 15-3 دەستیپێكردووە و ژمارەكان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە توانامان هەیە پشكنیینەكان زۆر دەكەین ڕۆژانە گەیشتوونەتە هەتا چوارهەزار پشكنیین ڕووپێویی مەیدانی دەكەین، تازە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو كۆمەڵگەدا بەخێراییەكی زۆر تەشەنەی كردووە و زۆر خەڵكیش تووشبووە بۆیە ڕێژەی تووشبووان زۆرە و ڕێژەی مردنیش زۆرە.

ڕوونیشیكردەوە، كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە لەسەر دوو ئاستە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگا كە خۆیان بپارێزن بەداخەوە خەڵكەكە ئەوەندە بەوشێوەیە پابەند نییە كە بتوانێت ڕێگر بێت لە تەشەنەكردنی نەخۆشیەكە لەناو كۆمەڵگە بۆیە ژمارەی نەخۆشەكان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەشێوەیەك شەپۆلەكە لە15-3 شەپۆلەكە دەستی پێكردووە بەشێوەیەكی ئاسایی 3-4 مانگ دەخایەنێت واتە نزیكەی ئێمە لە چارەكی یەكەمین لە شەپۆلەكە واتە ئەگەر ڕەمەزانیش نەبووایە هەر پێشبینی دەكرا ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا زیادبێت بەوشێوەیە.

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی گشتی هاتوچۆ، ناوبراو ڕایگەیاند، تازە پەتای كۆرۆنا بۆخۆی لەناو كۆمەڵگە تەشەنەی كردووە، پێمانباشبوو پێش 20 ڕۆژ لەمەوپێش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرایە نەك ئێستا، بەداخەوە لەبەر بارودۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی وادیارە ناتوانیین قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنیین، بۆیە دەبێت تەركیز لەسەرئەوە بكەین لەسەر ئاستی تاكە كەسی و لەسەرئاستی كۆمەڵگە دەبێت پابەندبن بەڕێنماییەكانی تەندروستیەوە.