سەردێر

هەرێم ئامادەكارییەكانی بودجە تاوتوێ‌ دەكات

خەڵك
ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیارە لەكۆبونەوەكەدا دواپێشهاتەكانی بواری ئەمنی لە هەرێم و ئامادەكاریەكانی بودجەی هەرێم تاوتوێ بكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆدەبێتەوە و دواپێشهاتەكانی بواری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان و هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رەوشی لێكۆڵینەوە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە دەخرێنەڕوو.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، هێڵەگشتییەكانی ڕەشنوسی یەكەمی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 لە بوارەكانی داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەكان و كورتهێنان لە كۆبوونەوەكەدا باس دەكرێن.

ماوەی 8 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەكردوە و پەرلەمانتارانیش دەڵێن هیچ زانیارییەكیان لەبارەی خەرجی و داهاتەكانی حكومەتەوە پێنەگەیشتووە.