سەردێر

كازمی لە دادگای فیدڕاڵی تانە لە بودجە دەدات

خەڵك-
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق كۆتایی هات و وتەبێژی ئەنجوومەنەكە ڕایگەیاند، كە داوا لە سەرۆكایەتی كۆمار دەكەین چاو بخشێنێتەوە بە هەندێك لە بڕگەكانی بودجەدا.

حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق و وەزیری ڕۆشنبیری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار درا بە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران تاوەكو لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانە لە هەندێك ماددەی یاسای بودجەی ساڵی 2021 بدات.

ڕاشیگەیاند، هەندێك لە ماددەكانی بودجە گۆڕانكارییان تێدا كراوە و بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ڕێكارەكانی حكومەت ناگونجێك بۆ چاكسازی و بووژاندنەوەی ئابووری.

وتیشی، “وەزیری دارایی داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق كردووە چاو بخشێنێتەوە بە هەندێك لەو ڕاستكردنەوانەی لە بودجەدا كراون لەلایەن پەڕلەمانەوە”.

لە مانگی ڕابردوودا یاسای بودجە لەلایەن پەڕلەمانی عیراقەوە دوای مشتومڕ و چەندین كۆبوونەوە پەسەند كرا و نرخی دۆلار بەجێگیری وەك ئەوەی حكومەت داوای كردبوو هێڵرایەوە و ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم پەسەند كرا بۆ ڕادەستكردنی نەوت و ناردنی بەشەبودجەی مانگانە.