سەردێر

فراكسیۆنێك: 75%ی هێزە سیاسییەكان نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت

خەڵك-
سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) ڕایدەگەیەنێت، 75%ی هێزە سیاسییەكان دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  پێشوەختەن لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو.

محەمەد خالیدی، سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێخەوش، گرنگترە لە وادەكەی، چونكە ئامانجێكی زۆری لەسەر بنیاتدەنرێت و دەبێتە ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی كە بۆ چەندان ساڵە بەدەست تەنگژەی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت”.

بە وتەی خالیدی:”75%ی هێزە سیاسییەكان، دژ بە پرەنسیپی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە تشرینی یەكەمی داهاتوو، بەڵام ئەمە بۆ ڕای گشتی ڕاناگەیەنێت، 25ی هێزەكانی تریش لەبەر چەند هۆكارێك لەگەڵ ئەوەدان ئەنجام بدرێت”.

سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) دەڵێت:”هەر هەڵبژاردنێك پشت بە چوارچێوەی شەفافیەت و بێخەوشی نەبەستێت، گۆڕانكارییەكی لێوە نایەتەدی كە لە ئاستی خواستەكانی گەلی عیراقدا بێت”.

پێشتر حكومەت 10ی تشرینی یەكەمی 2021 وەك وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریی كرد.