سەردێر

مەسرور بارزانی: 10 مانگە عیراق مووچەی نەناردووە

خەڵك-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و جەختدەكاتەوە، پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و پێویستە عیراقیش شایستە داراییەكان ڕەوانە بكات.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەربارەی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پابەندبوونی هەرێمی كوردستانمان بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی دووپاتكردەوە و داواشمان كرد لە بەرامبەردا، حكومەتی فیدڕاڵی پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەكان جێبەجێ بكات.

وتیشی، “10 مانگ دەبێت، حكومەتی فیدڕاڵی هیچ بەشە مووچەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە”.

ڕاشیگەیاندووە، هیوادارین پەسەندكردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێكێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە كاریگەرییەكی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.

دەشڵێت: “تیشكمان خستە سەر چاكسازییەكانی حكومەت بە ئاراستەی ڕێكخستنەوە و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان و برەودان بە شەفافیەت و سنوودرانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی”.

جەختیشی كردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی پێویست پێشكەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەكات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەكاندا .