سەردێر

هەفتەی هۆشیاری ژینگەیی لە هەرێم ڕادەگەیەنرێت

خەڵك-
فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە هەفتەیەكی هۆشیاری ژینگەیی بۆ پاراستنی زەوی لە پیسبوون ئەنجام ئەدات بە هەماهەنگی فەرمانگەی ژینگەی شارەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و بۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكان .

لوقمان شێروانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە دروشمی جیهانی (با زەوییەكەمان بگەڕێنینەوە) بە ئامانجی هۆشیاری زیاتری هاونیشتمانیان لەمەڕ هۆكارەكانی پیسبوونی زەوی كوردستان هەفتەیەكی هۆشیاری ژینگەیی ساز دەكەین.

ڕاشیگەیاند، هەفتە هۆشیارییەكە لە (20 تا 26/4/2021) دەبێت و چەندین چالاكی هۆشیاری لە خۆ دەگرێت وەكو سپۆت و سیمیناری ئۆنلاین و دابەشكردنی پرۆشۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی شارەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و دەركردنی پەیامی دەستەی ژینگە سەبارەت بە ڕۆژی زەوی.

ڕۆژی زەوی بۆنەیەكی جیهانییە و لە 22ی نیسانی هەموو ساڵێك یادی دەكرێتەوە لە پێناو پاراستنی ژینگە بە تێكڕا و زەوی بە تایبەتی.

شێروانی ئەوەیشی خستەروو، ئێمە لەبەرئەوەی بەرهەمەكانی خاك دەخۆین زۆر پێویستە هیچ كارێك نەكەین ببێتە هۆكاری پیسبوونی زەوی، چونكە كاتێك زەوی پیسبوو بەرهەمەكانی زەویش پیس دەبن و تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەكان تێكدەچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكانی سلێمانی و هەڵەبجەش هەماهەنگیمان دەكەن لە هەفتەی ناوبراودا و دەكرێت بۆ بۆردەكانی تریش چالاكییان هەبێت.