سەردێر

گەورەترین گوندی شارباژێڕ داوای یاریگا دەکات

 

خەڵک – نزار جەزا

سورەقەڵات، کە گەورەترین گوندی شارباژێڕە داوای دروستکردنی یاریگایەک یان نۆژەنکردنەوەی یاریگای قوتابخانەکەیان دەکەن، چونکە خاوەنی نزیکی ٩٠ وەرزشکار و حەوت تیپی گەورە و بچوکن و پێویستیان بەو یاریگایە هەیە.

 

سامی پاشا وەرزشکار و سەرپەرشتیاری خۆبەخشی یاریگای گوندی سورەقەڵات بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، گوندی سورەقەڵات ٣٥٠ ماڵ زیاترە، کە دوو تیپی میللی گەورە و پێنج تیپی بچوکی تێدایە، کە زیاتر لە٩٠ وەرزشکاریان هەیە، فێرگەیەکی وەرزشی هەیە، کە نزیکی ٤٠ فێرخوازی هەیە، بەڵام تاکو ئێستا یاریگایەکی شیاوی نییە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، گوندەکەیان گەورەترین گوندە لەسنووری شارباژێڕ و لەوانەیە گەورەترین گوندیش بێت لەهەرێمی کوردستان، چونکە لەزۆر شارەدێ و شارۆچکە گەورەترە.

 

باسی لەئەوەشکرد، ئێستا تەنها یاریگای خوێندنگەی سورەقەڵاتی بنەڕەتییان هەیە، ئەویش وەک هاوکارییەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە رێگەیداوە یاری تێدابکەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی خراپی کوالیتی یاریگاکەوە، تاکو ئێستا سێ جار یاریگاکە نۆژەنکراوەتەوە، بۆیە داواکارن لەلایەنە بەرپرسەکان یان خێرخوازان هاوکاریانبن لەوەی ئەمجارە بەکوالیتییەکی باشتر نۆژەنیبکەنەوە یان یاریگایەکی گەورە و کوالیتی باشیان بۆ دروستبکەن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، پێشتر چەندینجار داوای دروستکردنی یاریگا یان نۆژەنکردنەوەیان کردووە، بەڵام  کەس هاوکاری نەکردوون، پێش ئەمجارەش بەسوپاسەوە قائیمقامی ماوەت ٥٠٠ هەزار دیناری بۆ تەرخانکردن، بەڵام ئەم بڕە پارەیەش هەر کەمبوو یاریگاکە پارەى زیاتری پێویستبوو بۆیە لەڕێگەی خێرخوازان و یاریزانەکانەوە توانییان بڕێک پارەى دیکە کۆبکەنەوە و نۆژەنی بکەنەوە.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە، یاریگای قوتابخانەکەیان بۆتە سەرچاوەیەک بۆ وەرزشوانانی گوندەکانی دیکەی شارباژێڕ، چونکە سورەقەڵات سەنتەرە بۆ ئەو گوندانەی دیکەش.

 

سامی ئەوەشی باسکرد، ئەو سەرمایەدارانەى ساڵانی پێشوو هاوکاری یاریگاکەیان کردووە، ئەمساڵ ناتوانن داوایان لێبکەنەوە، چونکە ناکرێت هەموو ساڵێک هاوکاری لەخەڵک کۆبکەنەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە شارباژێڕ کە ناوچەیەکی دڵگیر و فراوانە لەزۆر ڕووەوە فەرامۆشکراوە، ئەمەش وایکردووە خەڵکەکەی بەناچاری بۆ ژیانکردن ڕوو لەشارەکان بکەن.