سەردێر

بەشێک لەمیدیا کوردییەکان هانی کوشتن دەدەن

 

خەڵک – نزار جەزا

لەماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن لەهەرێمی کوردستان ڕوویاندا، کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی نائەکادیمی ڕووماڵیان کرد و سەندیکای ڕۆژنامەنوسانیش پێیوایە ئەمەی میدیای کوردی دەیکات داهێنانێکی زۆر خراپە و لەجیهاندا بەم شێوازە کارناکرێت.

 

کاتێک ڕووداوێکی کوشتن یان خۆکوشتن ڕوودەدات، بەشێک لەمیدیا کوردییەکان ڕاستەوخۆ دەچنە شوێنی ڕووداوەکە و تاکو ئەوکاتەى کەسەکە دەخەنە نێو گۆڕەکەیەوە وێنەی دەگرن و بەکەسی نزیکی قوربانییەکە دەڵێن: (هەستت چۆنە؟) لەکاتێکدا خۆی کۆستی کەوتووە دەبێت هەستی چۆنبێت!

 

دواتر هەر لەو میدیایانەوە هۆکاری خۆکوشتنەکان و چۆنیەتی خۆکوشتنەکان بڵاودەکرێنەوە، کە ئەمەش ڕێگەیەکە بۆئەوەی بەخەڵکی دیکە بڵێن: (ئەگەر توشی ئەم کێشەیە بوویت بەم ڕێگەیە خۆت بکوژە!).

 

خۆکوشتن دیاردەیەکی رەتکراوەیە لەهەموو جیهاندا، لەهەموو کۆمەڵەگە و ئاییینەکاندا، بۆیە نابێت کەسی خۆکوژ بکرێتە پاڵەوان، بەڵام ئەوەی لەبەشێک لەمیدیاکان دەگوزەرێت بەپاڵەوانکردنی قوربانییەکەیە.

 

کاروان ئەنوەر سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لقی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەهەموو جیهاندا میدیا وەک زانستێک لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەخوێندرێت، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکاندا دەخوێنرێت، بەڵام بەداخەوە میدیای کوردی ڕەچاوی ئەو پرەنسیپانە ناکات، کە وەک زانستێک لەناوەندە زانستییەکان دەخوێندرێت.

 

ئەوەشی باسکرد، لەهەموو کۆمەڵگەکانی جیهاندا خەڵک خۆی دەکوژێت، بەڵام ئەرکی میدیا ئەوەنییە خۆکوشتن گەورەبکات، چونکە لەوەتەى مرۆڤ هەیە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی تێکدەچێت و پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، بۆیە میدیا دەبێت ئەم حاڵەتانە وەک حاڵەتی قێزەون پیشانبدات، چونکە لەهەموو ئایین و کۆمەڵەگەکاندا ڕەتکراوەتەوە.

 

هەندێک میدیا لەنێو پرسەیەکدا قوتدەبنەوە و وێنەی ژنێکی کوژراو تا ئەوکاتەى دەخرێتە نێو گۆڕەوە بەڕاستەوخۆ بڵاودەکەنەوە، و لەو دایکەش دەپرسن هەستت چۆنە، کە شیوەن بۆ گیانلەدەستدانی کچەکەی دەکات! کاروان ئەنوەر ئەو حاڵەتانەى بەکارەسات وەسفکرد.

 

ئەوەشی باسکرد، حاڵەتەکانی خۆکوشتن وەک هەواڵێکی ئاسایی بەبێ وردبوونەوە تێیدا بڵاوبکرێتەوە ئاساییە، بەڵام ئاسایی نییە میدیا بەمایکێکەوە بچێتە ناو ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەوە تا ئەوکاتەى خۆڵەکە دەکەن بەسەر گۆڕەکەیدا وێنەی بگرێت و بەکەسی یەکەمی قوربانییەکە دەڵێن: بۆچی خۆی کوشت؟ هەستت چییە؟ لەکاتێکدا ئەم حاڵەتە تەنها لەناو میدیای کوردیدا هەیە.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، ئەمە داهێنانێکی خراپی میدیای کوردییە، کە حاڵەتەکانی خوێن و پرسە و خۆکوشتن، کە دوورە لەلایەنە مرۆڤایەتییەکەیەوە پیشاندەدات، بەنمونە لە١١ی سێپتەمبەردا سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٠ هەزار کەس برینداربوون، بەڵام بە پێنج هەزار میدیای بینراوەوە دڵۆپەیەک خوێنیان پیشاننەدا.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، داواکاری گشتی لەڕێگەی سکاڵای هاوڵاتیان یان ڕێکخراوەکانەوە دێتە سەر هێڵ بۆ ئەم پرسانە، دواتر داواکاری گشتی داوای کەسی پسپۆڕ لەسەندیکا دەکات، بۆئەوەی ڕاوێژی پێبکەن، وەک سەندیکاش کەسی پسپۆڕیان بۆ دەنێرن، دواتر داواکاری گشتی دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو پرسانە بەوردی بدات.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەى میدیای کوردی زیادیکردووە و هیچ فلتەرێکیش لەبەردەمیاندا نییە، لەکاتێکدا پێویستبوو هەندێک فلتەر بۆ میدیا گشتییەکان دابنرایە.