سەردێر

گرفتەكانی بەردەم دەستووری هەرێم ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گرفتی سەرەكی لەبەردەم نەبوونی دەستووری هەرێم لایەنە سیاسییەكان و وڵاتانی هەرێمین.
هەرچەندە ئەوە دوو خولی پەڕلەمانە كار بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێم دەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا چەند جارێك هەوڵ دراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتە، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانی نێوخۆی هەرێمەوە نەتوانراوە ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گرفتی نەبوونی دەستوور لایەنە سیاسییەكانن، ئەگەر ئیرادەیان هەبێت دەبێت كوردستان خاوەنی دەستوری خۆی بێت.
وتیشی”بەشێك لەو كێشانەی ئێستا لە هەرێم بوونیان هەیە نەبوونی دەستوورە، و ئەگەر هەمانبوایە ئەو كێشانەمان ڕووبەڕوو نەدەبووەوە”.
ئاشكراشیكرد، لە خولی ڕابردوو لیژنەیەكی 21 كەسی پێكهێنرا، بەڵام بەداخەوە كارەكانی تەواو نەكرا، ئومێدەوارین لەم خولەی پەڕلەمان ئەو بابەتە تێبپەڕێنین.
ڕوونیشیكردەوە، كۆبونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی لەگەڵ سەرۆكی فراكسینۆنەكان كراوە و داویان كردووە لایەنە سیاسییەكان بۆ چۆنێتی دەستپێكردنەوەی بابەتی دەستور میكانیزمەكانی خۆیان ڕەوانەی پەڕلەمان بكەن، ئێستاش چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە سیاسییەكانن.

سەبارەت بە هۆكارەكانی تێنەپەڕاندنی دەستوور ناوبراو ئاشكرایكرد، گەورەترین گرفت لایەنە سیاسییەكانن هاوكات هەندێك دەوڵەتی هەرێمایەتی و عێراقیش لەسەر ئەو بابەتە گرفتن.