سەردێر

روسیا دەریاى رەش دادەخات

ئەمریكا هۆشداری دەداتە روسیا

خەڵك-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند پلانی روسیا بۆ رێگری لە هاتوچۆ لە دەریا رەشدا پەرەسەندنێكی بێ پاساوە بەتایبەت ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر چوونە ناوەوەی كەشتییەكان بۆ بەندەرەكانی ئۆكرانیا.

دەزگاكانی راگەیاندنی روسیا بڵاویانكردەوە مۆسكۆ دەیەوێت بەشێكی دەریای رەش بە رووی كەشتییە سەربازی و بارهەڵگرە بیانییەكاندا بۆ ماوەی 6 مانگ دابخات.

ئەم هەنگاوە كاریگەری دروست دەكات لەسەر گەیشتنی كەشتییەكان بۆ بەندەرەكانی ئۆكرانیا لە دەریای ئازۆف كە دەریای رەش بە گەرووی كیرچەوە دەگەیەنێت لە لای خۆرهەڵاتی نیمچە دوورگەی قرم كە روسیا خستەپاڵی خۆیەوە لە 2014وە.

نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ئەم پەرەسەندنە بێ پاساوە كە لەلایەن مۆسكۆوە دەستیپێكردووە بۆ كردنە ئامانجی ئۆكرانیا و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.

راشیگەیاند ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە بەتایبەت لەگەڵ كۆكردنەوەی هێزی روسیا لە نیمچە دوورگەی قرمی داگیراو لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا بۆ ئاستێك بەجۆرێك لە ساڵی 2014وە نەبینراوە ئەو كاتەی ناوچەكە لەلایەن روسیاوە داگیركرا.

ناكۆكییەكان لە نێوان روسیا و خۆرئاوا لە هەفتەكانی دواییدا سەری هەڵدایەوە دوای رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان سوپای ئۆكرانیا و لایەنگرانی روسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا.