سەردێر

باس لە دیارنەمانی ئارام قادر دەكرێت

وتەبێژی هاوپەیمانی: دیارنەمانی ئارام قادر راست نییە

خەڵك-

وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی دەنگۆی هەڵهاتنی سەرۆكی حزبەكە ڕەتدەكاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئارام قادر لە هەرێمی كوردستان كارەكانی ئەنجام دەدات.

چەند مانگێك لەمەوپێش محەمەد گرتكی بەرپرسی دەڤەری ڕاپەڕێنی هاوپەیمانی نیشتمانی لەلایەن هێزەكانی پەكەكەوە دەستگیر كرا، بەتۆمەتی سیخوڕی كردنی بۆ دەزگای میتی توركی، بەپێی زانیارییەكان، ناوبراو دانی بەوەدا ناوە كە كاری بۆ توركیا كردووە.

بەپێی سەرچاوەیەك پەكەكە داوای بینینی ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانیان كردووە، بەڵام سەرۆكی هاوپەیمانی نەڕۆیشتووە ئامادە نەبووە بیانبینێت، دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە ئێستا ناوبراو لە سلێمانی نامێنێتەوە لە شارەكانی دیكەوە كاروباری حزبەكەی بەڕێوەدەبات.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، پەكەكە هیچ هەڕەشەیەكی لە ئارام قادر نەكردووە، بەڵام ناوبراو ئاگاداری خۆیەتی و لە ئێستادا كەمترین كات لە سلێمانییەو تەنانەت خانوەكەشی بە چۆڵی هێشتووەتەوە، بەڵكو لە هەولێر و توركیا نیشتەجێیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جگە لە كەركوك سەرجەم بارەگاكانی هاوپەیمانی نیشتمانی داخراون و كەمترین ئەندامیش لەو حزبەدا ماوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر و بەهۆی خراپی دۆخی نێوخۆیی ئەو حزبە زۆرێك لە سەركردەكانی ئەو حزبە كشانەوە.

لەو بارەوە سەرگوڵ قەرەداغی وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بۆ هەموو میدیا چەواشەكارەكانی دەسەڵات و میدیا سێبەرەكان، كە گوایە باس لە ڕۆشتنی سەرۆكی هاوپەیمانی دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات، ئێمە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی سەر لەبەری ئەو زانیاریانە بە درۆ دەخەینەوە و جگە لە درۆكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دروست هیچ شتێكی تر نیە.

وتیشی”سەرۆكی هاوپەیمانی لە كوردستانە و بە ئازادانە لە سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك و هەولێر و گەرمیان و ڕاپەرین كارەكانی بە ڕاستەوخۆ دەكات، و بۆ سەلماندنی ئەمەش دوێنێ قسەو باسی لەگەڵ شڤان سەعید كردووە لە زیندانی ئاسایشی گشتی”.

هاوكات ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، چەند ڕۆژێكە هەندێك میدیای نابەرپرس لەژێر هەژموونی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراودا لە هەرێمی كوردستان، قسەو باسی بێبنەما دەكرێت لەسەر ئەزموونی كاری سیاسیم، بە هیچ جۆرێك پەشیمان نیم لەئەزموونی كاری سیاسیی خۆم لەڕابردوودا.