سەردێر

لێدوانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی سلێمانی- تاران

سلێمانی – نزار جەزا

کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لە ئێران دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی – تاران رادەگەیەنێت و لە خشتەكەیدا جێگیری دەكات.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی”قشم ئایر” خشتەی گەشتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا گەشتی نێوان “تاران–سلێمانی–تاران” داناوە، لەکاتێکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتەکان ڕاگیراون.

بەپێی خشتەکە ٢\٥\٢٠٢١ یەکەم گەشتی نێوان سلێمانی – تاران دەستپێدەکات و لەهەفتەیەکدا دوو گەشت ئەنجامدەدرێت.

تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانی نێودەوڵەتی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتی نێوان سلێمانی – تاران نییە، بەڵام ئەوەندە دەزانن کە کۆمپانیایەک لەخشتەی گەشتەکانیدا گەشتی نێوانی سلێمانی – تارانی داناوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەو کۆمپانیایە دەبێت لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتن بکات و مۆڵەت وەربگرێت، دواتر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام تاکو ئێستا بڕیاری کۆتایی وەرنەگرتووە، بۆیە ئاگادارنەکراونەتەوە.

باسی لەئەوەشکرد، لەڕووی یاساییەوە ئەو کۆمپانیایە دەتوانێت خۆی لە بەغداد مۆڵەت وەربگرێت و گەشتەکانی دەستپێبکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عیراق و ئێران ڕاگیراون و تاکو ئێستا بەفەرمی هیچ بڕیارێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانەوە نییە.