سەردێر

ئامارێكی مەترسیداری شێرپەنجە ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە هەڵكشانە.

گەلاوێژ عوبێد ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەستمان بە زیادبوونی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە كردووە و بیرۆكەیەكمان ئامادە كردووە بریتیە لە ئامارەكان و توێژینەوەكان و داتاكانی تایبەت بە شێریپەنجە و چەندین پێشنیاریشمان هەیە و پێشكەشی حكومەتی دەكەین تاكو لەو ڕێگایەوە بتوانین هۆكارەكانی ئەو نەخۆشیە بدۆزرێتەوە.

وتیشی”لە وڵاتان توێژەران ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لەو بوارە و پێویستە كۆنفڕانسی زانستی زیاتر ببەستین و لینكمان هەبێت لەگەڵ زانكۆكانی دەرەوە بۆ ئەوەی چارەسەرەكان بدۆزینەوە”.

ئاشكراشیكرد، ساڵی 2020 ڕێژەكە بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك گەیشتووەتە 6 هەزار و 922 كەس، ئەگەر دابەشی 12 مانگی بكەین بۆ هەر مانگێك دەبێتە 576 كەس كە ئەو ڕێژەیەش زۆرە، بەڵام ئەو داتایە داتای شارەكانی دیكەی تری عێراقی لەگەڵدایە.

وتیشی: داوا لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەكەین داتای دانیشتوانی هەرێم لەو داتا گشتییە جیابكاتەوە.
ڕوونیشیكردەوە، توێژینەوەیەكیان كردووە و شێوازی تووشبوونی شێرپەنجە لە ساڵانی نێوان 2013 بۆ 2019 بەشێوەیەكە پیاوان زۆربەیان تووشی شێرپەنجەی سییەكان بوون و ئافرەتانیش تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون.
سەبارەت داتای بە شارەكانی هەرێم لە ساڵێ‌ 2020، ناوبراو ڕایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر 3050 كەس و لە سلێمانی 2543 كەس و لە دهۆك 700 كەس تووش بوون، ئەوەش ڕێَژەیەكی زۆرە.