سەردێر

“ناشناڵ ئینترێست” نهێنییەكانی یەكنەخستنەوەی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات

ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە: لە ڕووی ئەكادیمی و زانستییەوە پێشمەرگە كامڵە و ڕاهێنراوە

خەڵك-

ماڵپەڕی ناشناڵ ئێنترێست راپۆرتێكی لەبارەی ساڵوەگەڕی ئەنفال بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بە خراپی رەوشی نێوخۆی كوردستان دەكات لە ڕووی خراپی ئیداری و گەندەڵی و ناكۆكییە نێوخۆییەكان و تێیدا بە وردی باسی لە كێشە و مەترسی یەكنەخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، كە بووە بەهۆی ئەوەی نەتوانێت ئەركەكانی بەباشی جێبەجێبكات لە بەرگریكردن لە خاك و گەلی كوردستان.

رۆژنامەكە ئاماژەی بە ئەوە كردووە لە هاوینی 2014 كاتێك داعش هێرشی كردووە بۆ سەر شنگال هێزە كوردییەكان نەیانتوانیوە بەرگری بكەن و هەرێمی كوردستان بەرەو پاشەكشە بوو كاتێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ.

ئاماژەی بە ئەوە كردووە هەرێمی كوردستان تووشی دابەشكاری بووە و لە هەركاتێك رەوشی خراپترە و هەرچەندە هێزێكی گەورەی ئەمنی هەیە، بەڵام ناتوانێت پارێزگاری لە خەڵك و خاكەكەی بكات.

راپۆرتەكەی رۆژنامەی ناشناڵ ئینترێست دەڵێت لە ئەنفال پێشمەرگە كە ژمارەیان 6 هەزار بووە نەیانتوانیوە بەرگری بكەن پێش بە پرۆسەكانی ئەنفال بگرن، ئەمە نمونەیەكە بۆ هەشتاكان، ئەم نمونەیە جارێكی دیكە سەرلەنوێ لە 2014 لە كاتی جینۆسایدی ئێزدییەكان و داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دووبارە بووەوە.

راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بە هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر و نزیكبوونەوە لە هەولێریش كردووە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاتووەتەسەر خەت بۆ رزگاركردنی هەولێر، كاتێك هێزە كوردی و عێراقییەكان پاشەكشەیان كرد لە بەرامبەر سەدان چەكداری داعشدا.

بەپێی بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە، لە 2017 هێزە عێراقییەكان شاری كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوتیان گرت، هێزە كوردییەكان لەوێ كشانەوە نەیانتوانی بەرگری بكەن لە بەرامبەر هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق كە لە ماوەی 2 سەعاتدا شارەكەیان گرت.

لە بارەی رەوشی پێشمەرگەوە ئەو راپۆرتە ئاماژە بە ئەوە دەكات، هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراون، بەڵام وەزارەت هیچ دەسەڵاتی نییە، ئەم هێزانە لە راستیدا سەر بە حزبە فەرمانڕەواكانن ئەوانیش لەنێوخۆیاندا دابەشبوون، لەلایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتیشەوە هاوكاری دەكرێن.

راشیگەیاندووە سەرجەم هەوڵەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە شكستی هێناوە، ئەمەش بۆ نەبوونی متمانەی سیاسی هەردوو سیستمی سیاسی كوردی دەگەڕێتەوە سەرباری یەكگرتنەوەی هەندێك لە ئەم هێزانە بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان، بەڵام ژمارەیەكی كەمن لە چاو هێزەكانی دیكەدا.

ئاشكراشیكرد هێزەكانی پێشمەرگە چەكی سوكیان پێیە لە نمونەی كڵاشینكۆفی چینی بەكارهاتوو، ئەوان هێزی ئاسمانیان نییە، مووچەیان وەك پێویست نییە، ئەمە توانی بەرگری كردنی لە گەلێك نییە زیاتر بۆ شەڕی پارتیزانی دەبێت.

لای خۆیەوە سەعید هەركی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان و ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و كێشەكانی، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چاودێری هاوپەیمانان 16 لیوا پێكهێنراوە و لیواكانیش هاوبەشن لەنێوان هێزەكانی یەكێتی و پارتی لە ژێر یەك چەتردا ئەویش چەتری وەزارەتی پێشمەرگەیە.

دەشڵێت: ئەو چەكانەی ئێستا لەژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە، هەیە هەمان ئەو چەكانەیە كە ئێستا لەبەردەستی سوپای عێراقیدا هەیە، پێشمەرگە بەشی هەرە زۆری مەشق و ڕاهێنانیان تێپەڕاندووە لە ڕووی ئەكادیمی و زانستییەوە پێشمەرگە كامڵە و ڕاهێنراوە”.

سەبارەت بە لەدەستدانی كەركوك و شەنگال ناوبراو ڕایگەیاند، بە نسبەت لەدەستدانی كەركوك بە مانای ئەوە نەبووە توانای بەرگریكردنی نەبووە و چەكی نەبووە، ئەگەر خیانەتە ناوخۆییەكان نەبوایە سوپای عێراق چەندە هەوڵێبدایە بۆ گرتنی كەركوك، سێ هێندەی تر هەوڵیبدایە پێشمەرگە یەك بست خاكی كەركوكی بەجێنەدەهێشت، دیارە ئەو دەبابە و هەمەرەی كە لە كەركوك و پردێ تێكشێنرا ئەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت ئەو چەكانەی كە لە دەستی پێشمەرگەدایە لەدەستی كۆمەڵێك سوپای تردا نەبێت.