سەردێر

هەڵمەتی پاراستنی سەوزایی لەسلێمانی ڕاگەیەندرا

 

سلێمانی – نزار جەزا

 

ژمارەیەک ڕێکخراوی ژینگەدۆستی لەپارێزگای سلێمانی هەڵمەتی پاراستنی ڕێژەى سەوزاییان ڕاگەیاند.

 

لەژێر دروشمی (بەهاناوەچوونی دار و درەختەکانمان) هەڵمەتی دابینکردنی ئاو بۆ پاراستنی ڕێژەى سەوزایی لەسلێمانی لەلایەن پارتی سەوزی کوردستان و ژمارەیەک ڕێکخراوی ژینگەدۆستییەوە ڕاگەیەندرا.

 

ملکۆ بازیانی سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتى هەرێم ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زۆر کەمیکردووە، کانیاوەکان وشکبوون، بۆیە هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بۆتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لەخێرخوازان و سەرمایەداران و دڵسۆزان و ژینگەدۆستان دەکەن بەپەلە بێنەسەرهێڵ و بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن، بۆئەوەی ئەو ڕێژە سەوزاییەی کە هەیە وشکنەبن.

 

باسی لەئەوەشکرد، بەپێی ئەو ئامارەى لەبەڕێوەبەرایەتی باخچەکان هەیە، ڕێژەى سەوزایی لەسلێمانی بریتییە لە لەسەدا ١٩.٦٥، بەڵام ئەم ڕێژەیە دابەزیوە بەهۆی ڕووداوەکانی ڕابردووەوە.

 

وتیشی: حکومەتى هەرێم بەهۆی بێپلانییەوە ناتوانێت ئەم کێشانە چارەسەربکەن، لەساڵانی ڕابردووش کە پارەیەکی باش لەبەردەستی حکومەت بوو، نەیتوانی بەنداوی پێویست دروستبکات.

 

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی کەمبارانییەوە بەشێک لەگەنمی هەرێمی کوردستان وشک بووە و ڕێژەی سەوزایی کەمیکردووە و بەشێک لەکانیاوەکانیش وشک بوون.