سەردێر

“ئەگەر هەیە وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ئیجباری”

خەڵك-

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی دەكرێت و دەبینرێت لە وڵاتان قۆناغ بەقۆناغ وەرگرتنی پێكوتە ئیجبار دەكرێت، ڕەنگە لە هەرێم و عێراقیش وابكرێت جا بەهەر ڕێگایەك بێت.

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەو ژەمە ڤاكسینانەی ئێستا دەگاتە هەرێم دەتوانم بڵێم بڕەكانی سێ هێندە و چوار هێندەی ئەو بڕانەی كە لەڕابردوو گەیشتوونەتە دەستمان، جاران نێوانی دوو بڕ كە دەهات كاتێكی دەویست بەڵام ئێستا خێراخێرا ژەمە ڤاكسینەكان دەگات.

وتیشی”یەك بابەت بەداخەوە بەشێوەیەكی نازانستی لەلایەن كەسانێكی نابەرپرس یان ڕاگەیاندنێكی نابەرپرسانە مامەڵەكراوە وەكو بابەتی جیاوازی نێوان ڤاكسینەكان و بابەتی ڤاكسینی فایزەر هاتەناوەوە كە وایكرد هاووڵاتیان جارێكی تر بكشێنەوە، كە بەڕاستی ئەمە جێی نیگەرانی هەموو لایەكە لەبەرئەوەی هەموو ئەو پێكوتانەی دێن، پێكوتەی فەرمیین ولەلایەن وڵاتانی فەرمییەوە ناسێندراوە و بەشێوەیەكی فەرمی دەكڕدرێت و بەكاردێت”.

ئاشكراشیكرد، زۆربەی تەندروستی ئێمە لەهاتنی یەكەم وەجبەی كۆرۆنا خۆیان كوتا بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە هاووڵاتیان و یەكەم كەسیش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە زۆرترین ستافی تەندروستی ڤاكسینی ئەسرازینیكایان وەرگرتووە و تائێستاش هیچ حاڵەتێكی لاوەكی قورس بەهۆی پێكوتەی كۆرۆناوە نەبووە.

ڕوونیشیكردەوە، دەبێت پێدانی پێكوتە ئیجباری بێت، چونكە ناكرێت من خۆم كوتیبێت و كەسێكی تر و دوانی دیكە خۆی ناكوتێت دیسان كارەساتی كۆرۆنا ڕووبداتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای كۆرۆنا ناوبراو ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی دۆخی كۆرۆنا ئەوە نییە بوترێت پاڵمان لێداوەتەوە و هیچ كێشە نییە.