سەردێر

پسپۆڕێكی سیاسی: هەرێم خۆی لە پابەندبوون دەدزێتەوە

 

خەڵك-
یونس كەعبی، پسپۆڕی سیاسی عیراقی ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان خۆی لە پابەندبوونە دارایی و یاساییەكانی سەر شانی لەبەرانبەر حكومەتی فیدارڵ دەدزێتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، كەعبی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم، هۆكارەكەی پابەندنەبوونی هەرێمە بە وردوكارییەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی، هەرێم لە ساڵی 2014وە هیچ داهاتێكی نەوت و داهاتەكانی تری ڕادەستی بەغدا نەكردووە، بە هەمان شێوە ملی بۆ یاسا و ڕێنماییەكانی حكومەتی ناوەند كەچ نەكردووە”.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە سیاسییە”هەرێم پابەندی یاسای پێناسەی گومرگی نەبووە، و كاڵاكانی بۆ نێو بازاڕی ناوخۆ دزەپێكردووە، ئەمەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بازرگانی دروستكردووە”.

كەعبی دەپرسێت”ئایا هەرێم لەژێر فەرمانی دەسەڵاتی فیدراڵدایە، یان دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە و تەنیا سود لە دەستكەوتەكان وەردەگرێت و خۆی لە پابەندبوون و ئەركە داراییەكان دەدزێتەوە”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەی بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ نەداوە بچێتە هەرێمی كوردستان و وردبینی لە خەرجییەكانی دوای ساڵی 2003دا بكات.