سەردێر

مەترسی لەسەر ژیانی گیانلەبەرە كێوییەكان هەیە

حكومەت پلانی بۆ وشكەساڵی و كەمبارانی نەبووە

خەڵک – نزار جەزا
هاتنی وشکەساڵی و کەمبارانی تەنها زیانی بۆ کشتوکاڵ نەبووە، بەڵکو ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانیشی بێ خۆراک و بێ ئاو کردووە، ئەمەش وایکردووە لەناوچە گەرمێنەکانەوە بۆ ناوچە کوێستانییەکان کۆچبکەن و بەشێکیشیان گیانلەدەستبدەن، بۆ چارەسەری ئەم پرسەش حکومەتی هەرێم هیچی نەکردووە و چاوەڕێی رەحمی خوای گەورەن، بۆئەوەی باران ببارێنێت.

بەهۆی کەمبارانییەوە بەشێک لەکانیاوەکان وشکبوون و شیوەکانیش ئاویان پێدانایەت، ئاوی ژێر زەوی کەمیکردووە و ڕێژەی سەوزاییش کەمبووە، کە ئەمە بووەتە گرفتێک بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و ناچاربوون کۆچبکەن بەرەو ناوچە کوێستانییەکان،بەشێک لە ئەمانەش لەڕێگای کۆچ گیان لەدەستدەدەن، یانبەشێکیان لەبێئاوی و کەم خۆراکیدالەو ناوچانەی خۆیان گیانلەدەستدەدەن.

هانا ئەحمەد پسپۆڕی گیانەوەرە کێوییەکان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئاو نەک تەنها بۆ خواردنەوە، بەڵکو بۆ سیستمی ژینگەییش پێویستییەکی سەرەکییە، بۆنمونە ڕێژەی سەوزایی بەهۆی کەمبارانییەوە کەمدەکات، گیانەوەرێکی ڕووەکخۆر بەهۆی کەمی ڕووەکەوە رێژەیان کەمدەکات، گیانەوەرە گۆشتخۆرەکانیش بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو ئاژەڵانەی دیکەوە ڕێژەیان کەمدەکات. ئەمەش هەرەمێکی خۆراکییە و کاریگەری لەسەر هەمووی دروستدەکات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئاژەڵە دەگمەنەکانی وەک ئاسکەکانی گەرمیان، لەساڵانی پێشوودا کە وشکەساڵی نەبوو، مەترسی لەناوچوونیان هەبوو، ئێستا ئەم دۆخەی دروستبووە کارەساتە و مەترسییەکانی سەر مانەوەیان زۆر زیاترە.

باسی لەئەوەشکرد، بەشێوەیەکی گشتی کەمی بارانبارین دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی و گیانلەدەستدانیان، هاوکات هەندێکیان کۆچدەکەن، لەو ڕێگەیەش بەشیکیان ڕاودەکرێن و کەمدەبنەوە.

کاریگەری وشکەساڵی لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆنمونە لەناوچە کوێستانییەکان کاریگەری کەمترە، بۆیە لەناوچە گەرمەکانەوە ئاژەڵەکان کۆچی بۆدەکەن، تەنانەت ئاژەڵە ماڵییەکانیش لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەبرێن بۆ ناوچە کوێستانییەکان لەوێ بەخێویان دەکەن یان هەرزانفرۆشیان دەکەن.

هانا لەبارەی ئەو کۆچەوە ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەم کۆچە کێشەیە، چونکە ناوچەیەکی بۆنمونە وەک قەرەداغ، پێویستە بکرێت بە ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتی، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە بەهەزاران سەرمەڕ و ئاژەڵی ماڵی بۆ ئەم ناوچەیە گوازراونەتەوە و دەلەوەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەوزایی لەو ناوچەیە.

چارەسەری وشکەساڵی پێویستی بەپلانی دوورمەودا هەیە، هانا وتی: ناتوانرێت ناوچەیەکی گەورەی وەک کوردستان لەماوەیەکی کەمدا چارەسەری وشکەساڵی بۆ بکرێت، بەڵکو ئەمە پێویستی بەچارەسەرێکی لەمێژینەبوو، کە دەبوو حکومەتی هەرێم بەنداوی بچوک و گەورەی لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروستبکردایە، بۆئەوەی لەم کاتانەدا سوودی لێ وەربگیرایە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا درەنگنییە و دەتوانێت پلانی ورد دابنێت، لەئێستاوە حەوزی گەورە و بەنداوی گەورە و بچوک دروستبکات، بۆئەوەی لەساڵانی ئایندەش نەڵێین دەبوو ساڵانی زوو بەنداومان دروستبکردایە.

هەر لەبارەی کاریگەرییەکانی وشەکاساڵی لەسەر باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەریڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە(خەڵک)یڕاگەیاند، ئەو ساڵانەی کە وشکەساڵییە، بەتایبەت ئاو کەمدەبێتەوە، بۆیە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان ئاویان دەستناکەوێت،لەبەرئەوە لەهەندێک ناوچە ئاو دەگەیەننە کەژوکێوەکان، بۆئەوەی بێ ئاو نەبن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەنمونە هێزەکانیان توانیویانە لەدەربەندیخان بەدووری ١٥٠ مەتر بە سۆندە و بۆری ئاو سەربخەن بۆ سەر شاخێک، بۆئەوەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لەم وشکەساڵییەدا لەبێئاویدا ناڕەحەت نەبن.

بارانبارین بەڕێژەی نیوەی ئاستی ئاسایی، دووجۆر وشکەساڵی بەدوایخۆیدا دەهێنێت،یەکەم وشکەساڵی بۆ ئاوی ژێر زەوی، دووەم وشکەساڵی بۆ سەر زەوی.

بەهۆی کەمبارانبارینەوە، وشکەساڵی جۆرییەکەم هاتووە و بەشێک لەکانیاوەکان وشکبوون، لەکاتێکداساڵانی پێشتر لەم وەرزەداڕێژەی ئاویان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیدەکرد.

جۆری دووەمی وشکەساڵی بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەنمونە ناوچەی گەرمیان کە هەموو ئەو گەنمەی چێندراوە بەهۆی کەمبارانییەوە وشک بووە.

بۆ چارەسەری پرسی وشکەساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە کرا، لەئەنجامدا ڕاپۆرتێکی ورد ئامادەکراوە و بڕیارە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بخوێنرێتەوە و بودجەی پێویستی بۆ دابینبکەن.

حکومەتی هەرێم بەهۆی کەمتەرخەمییەوە لەماوەی ٣٠ حوکمڕانی خۆیدا نەیتوانیوە بەنداوی پێویست دروستبکات، بۆئەوەی لەم کاتانەدا سوودی لێ وەربگرێت، بۆیە ئێستا هاوڵاتییان و ئاژەڵ و باڵندەکانیش چاوەڕێی بەرەکەتی خوای گەورەن، کە بارانیان بۆ ببارێنێت.