سەردێر

تانە لە نرخی دۆلار و پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق دەدرێت

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەر تانەیەك لە یاسای بودجە هیچگۆڕانكارییەك لە یاساكەدا ناكات.

بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەوڵەتی یاسا تانەیان لە یاسای بودجەی عێراق داوە و دەیانەوێ گۆڕانكاری تێدا بكەن.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەوڵەتی یاسا تانەی لەسەر نرخی دۆلار داوە كە ئەوەش ئیشی حكومەتە و كاری پەڕلەمان نییە و پەیوەندی بە یاسای بودجەشەوە نییە و بێ بنەمایە.
وتیشی”دەوڵەتی یاسا تانەی لە بابەتی پشكی هەرێم داوە كە ئەمەش بابەتێكی سیاسییە و كاریگەری دروست ناكات”.

ئاشكراشیكرد، تانە دان لە هەر یاسایەك كە بە دڵی لایەنێك نەبوو، ئاساییە، چونكە هەركەسێك شتێكی بەدڵ نەبوو تانەی لێدەدا، دەوڵەتی یاساش دەنگی بە یاساكە نەداوە.

ڕوونیشیكردەوە، پێشبینی ناكەم ئەو جۆرە تانانە گۆڕانكاری لە یاساكەدا دروست بكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوای سەدان كۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەك و لایەنە شیعییەكان لەلایەكی تر و توانرا یاسای بودجە تێبپەڕێنرێت، ئەم مانگەش یەكەم مانگە كە یاساكە جێبەجێ دەكرێت و لایەنەكان لە چاوەڕوانی پابەندبوونن بە یاساكەوە.