سەردێر

ناكۆكییە نێوخۆییەكانی گۆڕان بەردەوامە

گۆڕان دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەكان كێشە نێوخۆییەكانی چارەسەر بكات

خەڵك-

پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی حزبی رێككەوتنیان كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام تا دێت لەسەر ئاستی گۆڕان لەنێو بەشێك لە بەرپرسان و كادر و جەماوەری ئەم حزبە ناڕەزایەتییەكان زیاتر دەبن.

رەخنەگرانی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان دەڵێن رێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێنەكراوە، گۆڕان چاوی پۆشیوە لە كەموكوڕییەكانی حكومەت و خۆشی بەشدارە.

بەرپرسانی گۆڕانیش سوورن لە سەر درێژەدان بە هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ پارتیدا، بەڵام بەشێك لە ئەندام پەرلەمانی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و فڕاكسیۆنەكەی لە بەغدا دووچاری ناكۆكییەكی قوڵ بوون لەسەر ئەم پرسە.

بەپێی زانیارییەكان لە ماوەی رابردوودا چەندین نامە لەنێوان عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی لەبەغدا لەسەر ئەم كێشانە ئاڵوگۆڕكراوە.

بەپێی نێوەرۆكی نامەكان، عومەری سەید عەلی داوای گەڕانەوەی ئەم ئەندام پەرلەمانانەی بەغدای كردووە، لەبەرامبەردا ئەوانیش داوای كشانەوەی گۆڕانیان لە حكومەت و پێكهێنانی هاوپەیمانی لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی كردووە.

بزوتنەوەی گۆڕان مەترسی هەیە ئەو پەرلەمانتارانەی خۆی لە بەغدا لە حاڵی مانەوەی لەنێو حكومەتدا خۆیان سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بزووتنەوەی گۆڕانیش بە لیستی خۆی، لە ئەم كاتەدا زۆرینەی جەماوەری گۆڕان دەنگ دەدەن بە لیستی فڕاكسیۆنەكەی گۆڕان لە بەغدا، بۆیە خوازیاری گەیشتن بە رێككەوتنە لەگەڵیاندا پێش هەڵبژاردنەكان.

جەلال محەمەد ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی ڕێكەوتنی گۆڕان و پارتی تا چەند جێبەجێ دەكرێت یان نا، سەركردایەتی سیاسی ئەو دوو حزبە كردوویانە و ئەوان بەرپرسن لە جێبەجێكردنی و گرنگیشە جێبەجێ بكرێت.

وتیشی “ئەوەی ئێستا هاتووە گۆڕان ‌و پارتی لە حكومەت بوون، كارەكان تێپەڕێنراوە، بەڵام ئەوانەی ئەندام بوون لە ڕێكەوتنەكە دەكرێت هەڵسەنگداندن بكەن لەسەر ئاستی ڕێكەوتنەكە كە باش چووەتە پێش یان بەپێچەوانەوە”.

بەشێك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی كوردستان و فراكسیۆنی حزبەكە لە پەڕلەمانی عێراق داوای كشانەوەی حزبەكەیان دەكەن لە حكومەتی هەرێم و پێیان وایە ئەو ڕێكەوتنەكەی كە ئەنجامدراوە زۆربەی خاڵەكانی جێبەجێ نەكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەڕلەمانتارانی عێراق ئەندامبوونیان لەحزبەكەیان هەڵپەساردووە، لەبەرانبەریشدا تاكو ئێستا بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەیان لەو بارەوە ئاشكرا نەكردووە.

بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی بەشداریكردن لە حكومەت و كۆچی دوایی رێبەرەكەی و گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەكانی عێراق مەترسی هەیە ئەم جارە هیچ كورسییەك لە پەرلەمانی عێراق بە دەست نەهێنێت بە تایبەت لەگەڵ بەردەوامی ناكۆكی لەنێوان بزووتنەوەكەی و فراكسیۆنەكەی لە بەغدا.

بۆیە گۆڕان هەوڵ دەدان لە سەرەتادا كێشە نێوخۆییەكانی چارەسەر بكات، دواتر بڕیاری هاوپەیمانی بدات لەگەڵ پارتی و یەكێتی یان لایەنەكانی دیكە، چونكە بە تەنها ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات بەهۆی ئەوەی كورسی بۆ ناهێندرێـت.