سەردێر

“20%ی دانیشتوانی عێراق و هەرێم ڤاكسین وەردەگرن”

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕێژە ڤاكسینەی گەیشتووەتە هەولێر 1%ی دانیشتوانی هەولێرە، ئێستاش ئەوەندە خەڵك ناویان تۆماركردووە بەداخەوە ژەمە ڤاكسینی بەردەستمان نیە.
دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەو ژەمە ڤاكسینانەی دابینكراوە بۆ سنوری پارێزگای هەولێر بریتیە لە 19 هەزار و 500 ژەمە ڤاكسین لەسێ جۆرە ڤاكسین.

وتیشی”ئەو بڕە ڤاكسینەی بۆ هەولێر دابینكرا سەرەتا ئەولەویەت بۆ ئەو كەسانە بوو لە كەرتی تەندروستی كاردەكەن بەتایبەتی ئەوانەی لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنان، چونكە بڕەكەی كەم بوو بەوانە دەستپێكرا، ئەوانەشی داوادەكەن ڤاكسین وەربگرن بێن بۆ كەرتی تەندروستی، چونكە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی عێراقی كە لە هەرێمی كوردستانیش بەرقەرارە ڤاكسین وەرگرتن ئیجباری نییە، واتە پێویستە كەسەكە خۆی داوابكات، دوای ئەو ماوەیە ئێمە ئەولەویەتمان بۆ هێزە ئەمنییەكان بوو ئەوانەی كە بەركەوتەی یەكەمن سەرەڕای ئەوەش ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەوەش پرۆسێسەكە بەوشێوەی ئەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئاشكراشیكرد، تائێستا هیچ بەكارهێنەرێكی ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا كاریگەری لاوەكی لەسەر دروست نەبووە، تەنها یەك كەس نەبێت ئەویش كە داخلی نەخۆشخانە كرابوو، بەڵام ئەو كاریگەریە لاوەكییەی هەروەكو ئەوانەی تر بوو كە ئازاری لەشی دەبێت و تای بەرزدەبێتەوە و سەرئێشە دەیگرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، بڕیارە تاكۆتایی ئەمساڵ، 20%ی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی كوردستان ڤاكسینیان وەرگرتبێت بەمانای ئەوەی كە لەو پێنج شەش مانگەی داهاتوو پێویستە لە 19%ی تر بگاتە هەرێمی كوردستان.