سەردێر

“ئەو ئاردەی بۆ ڕەمەزان درا بە هاووڵاتیان سفر نەبوو”

خەڵك
بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەو تایبەتمەندیانەی عیراق داوای لێمان كردووە بەشە گەنممان بۆ ئاردی سفر لە ئاشەكان دەستەبەر كردووە، بەڵام كێشەی بێ پێزی ئەوەیە، كە ئاردی خۆماڵی بەكارهاتووە و هەموومان ئەوە دەزانین گەنمی خۆماڵی بۆ ئاردی سفر نابێت.

لە بەدواداچوونێكی (خەڵك)دا بۆ ئەو بەشە ئاردەی بەناوی “ئاردی سفر” بە بڕی 5 كیلۆ درا بە هەر خێزانێك بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ژمارەیەك لە هاووڵاتیان وتیان، “ئەو ئاردە سفر نییە و وەك ساڵانی ڕابردوو نەبوو، چونكە هیچ پێزی نەبوو و هەروەكو بەشە ئاردی ئاسایی وابوو”.

لای خۆشیەوە، نەسرین محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ عیراق گەنمێكی زۆری خۆماڵی وەرگرتووە و بۆ پێدانی بەشە ئاردی سفری ماڵان بۆ مانگی ڕەمەزان سوودی لەو گەنمە خۆماڵیە بینیوە.

وتیشی، “ئەوەی لە سەر ئێمەیە وەك ئاشەكان بەپێی ئەو ستاندارەی عیراق داوای لێمان كردووە گەنمەكەمان لە ئاشەكان كردووە و ئاردی سفری ماڵانمان دەستەبەر كردووە بۆ هاووڵاتیان و دابەشكراوە”.

ڕاشیگەیاند، وەك لای هەموو لایەك ڕوونە ساڵانی پێشتر بۆ دەستەبەركردنی ئاردی سفر 100% سوودمان لە گەنمی هاوردەی وڵاتانی دەرەوە بینیوە لەوانە كەنەدا و ئوسترالیا و ئەمریكا، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەوە نەكراوە و لە گەنمی ناوخۆ دابین كراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، گەنمی خۆماڵی تەنانەت بۆ ئاردی ئاسایی پێویستی بە تێكەڵكردنی گەنمی وڵاتان هەیە بە ڕێژەی جیاواز، چونكە گەنمی خۆماڵی وەك پێویست پێزی نیە.