سەردێر

مەترسی دانانی ئاوی دەبە لەبەر خۆر لەچیدایە؟

خەڵك-
بەپێی ڕێنماییە پزیشكییەكان و پسپۆڕانی بواری خۆراك نابێت ئاوی دەبە لەبەر خۆر دابنرێت بەتایبەتی لەكاتی گەرمای هاویندا و هۆكارەكەی بۆ كارلێكی كیمیایی دەگەڕێننەوە و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: “سزای هەر دوكان و ماركێتێك دەدەین سەرپێچی بكات”.

لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ڕێنماییەكان نابێت ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی گەرم و بەرتیشكی خۆر عەمبار بكرێت یان بگوازرێتەوە، چونكە بەهۆی كارلێكی كیمیاییەوه ئاوی ناو دەبە پلاستیكەكان دەبێتە هۆكاری كەمبونەوەی بەرگری لەش و زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ (25) پلەی سەدی،‌ بەشێكی پلاستیكەكە لەگەڵ ئاوەكە‌ كارلێك دەكات دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە و تێكچوونی هۆرمۆنەكان بەتایبەت لەخانماندا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێش ئەوەی ئاو بكرێتە ناو دەبە پلاستیكەكان ‌ماددەی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنەوە بەكاردەهێنرێت لەبری كلۆر، لەكاتی بەركەوتنی ئۆزۆنەكە بەتیشكی خۆر، ماددەكە شیدەبێتەوە بۆ (O2) لەگەڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) بەبێ كێشە لەگەڵ ئاو تێكەڵدەبێت، بەڵام مانەوەی یەك ئۆكسجین و بەركەوتنی بەتیشكی خۆر، لەش تووشی نەمانی بەرگری دەكات.