سەردێر

دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 دەستپێدەكات

خەڵك-
بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان (4)ی فەرمانبەران و خانەنشینان دەستپێبكات و سەرچاوەیەكی ژمێریاریش دەڵێت: “لیستی مووچە وەك مانگی پێشوو حازر كراوە و تا ئێستا هی گۆڕانكارییەكیان پێ‌ نەوتوون”.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێم، مانگانە لە 25ی مانگەوە دەست بە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەكرێت و یەكەم وەزارەتیش لە خشتەی مووچە بریتییە لە وەزارەتی تەندروستی.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو ڕێكەوتی ٢٠٢١/٤/٢٥ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ٤ی مووچەخۆرانی هەرێم بەلێبڕینی ڕێژەی 21% و تا ئێستاش گەنجینەكان و ژمێریاری وەزارەت و فەرمانگەكان لە گۆڕانكاری ئاگادار نەكراونەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و دوای ئەوە وەزارەتی دارایی بە گشتاندنێك ڕێژەی لێبڕینەكە یەكلایی دەكاتەوە، كە وەك خۆی بمێنێت یان كەم بكرێتەوە.

بەرپرسی یەكەیەكی ژمێریاری لە فەرمانگەیەكی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لیستی مووچەی مانگی نیسان بە لێبڕینی 21% ئامادە كراوە و تا ئێستاش لەلایەن گەنجینەوە ئاگادار نەكراونەتەوە بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی لێبڕینەكە.