سەردێر

بارزانی و ئەمریكا داوایەك لە كوردانی سوریا دەكەن

خەڵك-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ جێگری نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا كۆدەبێتەوە و جەخت لە یەكگرتوویی و ڕێكككەوتنی كوردانی سوریا دەكەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بارەگای بارزانی، ڕۆژی یەك شەممە ١٨ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برۆنستێن، جێگری نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جێگری نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری ئیدانە كرد و وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی بارزانی لە پاراستنی سەقامگیری، پشتیوانیی وڵاتەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە”.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و جەخت لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر كرایەوە.

بارودۆخی سوریا و ئاییندەی كورد لەو وڵاتە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و هەردوولا هیوایان خواست لایەنە كوردییەكانی سوریا بگەنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش.