سەردێر

قائیمقامیەتی سلێمانی: ماركێتی شاری دایك دادەخرێت

خەڵك-
بەهۆی دانانی ئاوی لە دەبەنراو لەبەر تیشكی خۆر و سەرپێچیكردن، قائیمقامیەتی سلێمانی ماركێتی شاری دایك دادەخات.

كەیوان خەلیل، سەرۆكی لیژنەی كارگە و كۆگاكانی ئاو لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی پابەند نەبون بە مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن و دانانی ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشكی خۆر و هەبوونی بڕێكی زۆر خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوو، قائیمقامیەتی سلێمانی ماركێتی شاری دایك دادەخات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ماركێتی شاری دایك دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

پێشتر لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی رێنماییەكان نابێت ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی گەرم و بەرتیشكی خۆر عەمبار بكرێت یان بگوازرێتەوە، چونكە بەهۆی كارلێكی كیمیاییەوه ئاوی ناو دەبە پلاستیكەكان دەبێتە هۆكاری كەمبونەوەی بەرگری لەش و زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بۆ (25) پلەی سەدی،‌ بەشێكی پلاستیكەكە لەگەڵ ئاوەكە‌ كارلێك دەكات دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ تووشبون بەنەخۆشی شێرپەنجە و تێكچونی هۆرمۆنەكان بەتایبەت لەخانماندا.

ڕوونیكردەوە، پێش ئەوەی ئاو بكرێتە ناو دەبە پلاستیكەكان ‌مادەی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنەوە بەكاردەهێنرێت لەبری كلۆر، لەكاتی بەركەوتنی ئۆزۆنەكە بەتیشكی خۆر، مادەكە شیدەبێتەوە بۆ (O2) لەگەڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) بەبێ كێشە لەگەڵ ئاو تێكەڵدەبێت، بەڵام مانەوەی یەك ئۆكسجین و بەركەوتنی بەتیشكی خۆر، لەش تووشی نەمانی بەرگری دەكات.