سەردێر

ڕێژەی سەوزایی سلێمانی و هەولێر چەندە؟

ژینگەی هەرێم پێویستی بە فریاگوزارییە

خەڵك

بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگاكاندا %15 كەمتر نەبێت و بگاتە %30 ، و لە پارێزگای هەولێر ئەو ڕێژەیە گەیشتووەتە %19 و لە سلێمانیش %15.70 و داواش دەكرێت دادگای تایبەت بە ژینگە دابنرێت بۆ سزادانی سەرپێچیكاران.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری باخچەكانی پارێزگای هەولێر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر % 19 ە و كار بۆ ئەوە دەكەین بگەینە ئاستی ستانداردی جیهانی كە %30 دانراوە.

وتیشی: لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا نزیكەی 400 باخچە و پارك هەیە و ساڵانە هەڵمەتی ڕواندنی نەمام و گوڵ ئەنجامدەدەین بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگاكەدا.

لە لایەكی دیكەوە هاوژین عوسمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی وتی: ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە %15. 70 .

وتیشی: 450 پارك و باخچەش لە پارێزگاكەدا هەیە و 11 بلواری سەرەكی و 78 بلواری لاوەكی و 6 پاركی گەورە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام چالاكی ژینگەیی و چاندنی نەمام ئەنجام دەدەین و بەپێی پێداویستی شوێنەكان نەمام دەڕوێنین و هەفتەی پێشوو زیاتر لە هەزار درەختمان ڕواند و هەر نەمامێك هەبێت لای خۆمان نایهێڵینەوە و دەیڕوێنین.

وتیشی، ناشتنی نەمامەكان پێویستیان بە خزمەتكردنە، گلەیی لە ڕێكخراوەكانی بواری ژینگەو چالاكوانان دەكەین كە بەبێ‌ پرسی ئێمە درەخت دەڕوێنن و دواتر خزمەتی ناكەن و وشك دەبنەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی :
“هەموو ڕۆژێك دوو تۆن خاشاك لە پاركی ئازادی كۆدەكەینەوە”

هاوژین عوسمان، وتیشی: هەموو ڕۆژێك دوو تەن خاشاك لە پاركی ئازادی كۆ دەكەینەوە و بەپێی ئەو وێنەو بەڵگانەی لامان تۆمار كراون بەشێكی زۆری هاووڵاتیان دەستیان هەیە لەشێواندنی باخچەكان و نابەرپرسیارانە زیان بە درەخت و گوڵەكان دەگەیەنن و دەیان شكێنن و كرێكارو باخەوانەكانمان هەر فریای ئەوە دەكەون خاشاك كۆ بكەنەوە سەرەڕای لێبڕینی مووچەو خراپی گوزەرانی خۆیان.

“پۆلیسی چاودێر لە باخچەكاندا نییە”

هاوژین دەشڵێت، كێشەی گەورە ئەوەیە كە لە پارك و باخچەكاندا پۆلیسی چاودێر نییە و بۆمان دابین ناكرێت لە لایەن حكومەتەوە
ئێمە تەنها بەشی سەرپێچی یاسامان هەیەو تەنها دەتوانین سەرپێچیەكان تۆمار بكەین بە ڕاپۆرت و دەیدەینە لایەنی پەیوەندیدار و سزاكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

“پێویستە دادگای تایبەتمەند بە بواری ژینگە دابنرێت بۆ سزادانی سەرپێچیكارانی بواری ژینگە”

لە لایەكی دیكەوە سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان وتی: پێویستە دادگای تایەت بە ژینگە لە هەرێم دابنرێت، كە لە یەكەمین كۆنفڕانسی ژینگە لە ساڵی 2013 ئەنجامدرا كۆمەڵێك ڕاسپاردە هەبوو یەكێك لەوانە ئەوەبوو كە دەبێت دادگای ژینگەیی لە باشووری كوردستاندا دابمەزرێت و لەنێویشیدا دادوەری تایبەتمەندی ژینگە هەبێت بۆ دانان و جێبەجێكردنی سزاكان لەسەر ئەو كەسانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر ژینگە.

ئەمە لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنج شەممە 15-4-2021 لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان هەفتەی ژینگە هەرێم هەتا 21-4-2021 ڕاگەیەنرا و عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەكە وتی: بەباشی دەزانین وەك لەبڕگەی یاسای ژمارە ٢٥ی تایبەت بە یاسای ژینگەی تەندروستی و ژینگەی عیراقی دیاری كراوە، هێزێكی ژینگەیی دروست بكرێت و هەموو تەكنیك و هونەرەكانی ژینگەیی لەبەرچاو بگرێت.

هاوكات ڕۆژی 16 ی 4 هەمووساڵێك وەك ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە.