سەردێر

سلێمانی.. وادەی پێكوتان بە ڤاكسینی ڤایزەر دیاریكرا

16 هەزار ڤاكسین دەگاتە سلێمانی

خەڵك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو 16 هەزار ڤاكسین دەگاتە سلێمانی و لەسبەینێوە كوتان بە ڤاكسینی ڤایزەر دەستپێدەكات.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ كارمەندانی تەندروستی ڕاهێنان دەكەن لەسەر ڤاكسینی ڤایزەر و ئەگەر هیچ كێشەیەك نەبێت سبەینێ‌ دەستدەكەین بە كوتانی كارمەندانی پزیشكی و دووسبەیش هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەرگرتنی ڤاكسینی ڤایزەر تایبەتە، چونكە پێویستی بە پلەی گەرمی -80 هەیەو دەبێت لە ساردكەرەوەدا هەڵبگیرێت و پێویستی بەوەیە لەو شوێنەی بەكار دەهێنرێت پزیشك هەبێت بۆ ئەوەی كاریگەری خراپ دروست نەكات.
دەشڵێت، ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە پێویستە پێشتر پشكنینیان بۆ بكرێت لەلایەن پزیشكی تایبەتەوە.

وتیشی، هەموو هەفتەیەك هەزار و 700 ڤاكسین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و گرفتی كەمی ڤاكسینەكە نییە لە پارێزگاكەدا 32 بنكەی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم هەیە لەو ڕێژەیەش 11 بنكەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەمەوە پێكوتەكان باوەڕ پێكراون لەلایەن تەندروستی جیهانییەوەو هیچ حاڵەتێكی خراپ لە وەرگرتنی ڤاكسین ڕووی نەداوەو تەنها چەند كاریگەریەكی لاوەكی هەیە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی سروشتی ڤاكسینەكە بەوجۆرەیە كە كەسەكە كۆرۆنا دەگرێت بەلاوازی.

دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو هەم ڤایزەر ی ئەمریكایی و هەم بەریتانی دەگاتە هەرێم و پشكی پارێزگای سلێمانی 16 هەزارە و هەردووكیان وەك یەكن، تائێستاش هیچ پێكوتەیەكی ڤایزەر نەدراوە لە بەرپرسان.