سەردێر

هونەرمەندان ڤاكسین وەردەگرن

تا ئێستا 16 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە

خەڵك
بەشێك لە هونەرمەندان لە پارێزگای هەولێر لە یەكێك لە بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین خۆیان دەكوتن و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكەش دەڵێت تا ئێستا 16 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

دلۆڤان محەمد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: لە چوارچێوەی پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەڕێككەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر هەماهەنگی كرا بۆ ئەوەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بەشدار بن لە پرۆسەی وەرگرتنی ڤاكسین .

وتیشی: تا ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە چەندان كەس مردون و بەردەوام توشبووان و مردن بە ڤایرۆسەكە تۆمار دەكرێت، تاكە چارەسەریش بۆ ئەم دۆخەو ڕێگری كردن لێی كوتانە بە ڤاكسین و لەسەرەتای پرۆسەكەوە داوامانكرد هونەرمەندان و كەسایەتییە ناسراوەكان ڤاكسین وەربگرن وەك هاندانێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ڤاكسینەكە وەربگرن و پرۆسەكە سەركەوتووبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا نزیكەی 16 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەو بڕەی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر دانرابوو 19 هەزار و 500 ڤاكسین بوو .

وتیشی: هاووڵاتیان بەپەرۆشەوە ناوی خۆیان تۆمار دەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە و داوا دەكەین بەردەوام بن و لەرێگەی ئەو لینكەی وەزارەتی تەندروستی دایناوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر وتی: ئەمڕۆ بەشێك لە هونەرمەندان لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەكان خۆیان دەكوتن بۆ ئەوەی بتوانین هەمووئەو چالاكییە هونەریانە زیندوو بكەینەوە كە كۆرۆنا پەكی خستن و بەشێكبین لەبەختەوەری هەرێمەكەمان”.

No description available.

No description available.