سەردێر

بەشە خۆراكی مانگی سێ‌ دابەشدەكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، لەمساڵ هیچ بڕە برنجێك نەهاتووە و زەیت و شەكری مانگی ئاداریش هات بەم نزیكانە دابەش دەكرێت.

نەوزاد شیخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی یاسای بووجە نەتوانرا بوودجە بۆ كڕینی كاڵاكان دیاری بكرێن، بۆیە لەمانگی یەكی ئەمساڵ هیچ بڕە بوودجەیەك نەهات بۆ هیچ پارێزگایەك، لەمانگی شوباتیش زەیت كە هی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠بوو هات و درا بەهاوڵاتیان، لەمانگی ئاداریش شەكر هات، بۆڕۆنی زەیتیش بڕیارە لەم ماوەیەدا بدرێت و لەم مانگەشدا زەیت و شەكری مانگی ئادار هات بەم نزیكانە دابەش دەكرێت.

دەشڵێت، لە مانگی یەكی ئەمساڵ هیچ بابەتێكی خۆراكی نەهاتووە، مانگی دووش تەنها شەكر هاتووە، مانگی ئاداریش شەكر و ڕۆنی زەیت هاتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی نوێدا هیچ بڕە برنجێك نەهاتووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە گرێبەستێكی نوێیان كردووە لەگەڵ كۆمپانیاكان دەیانەوێت برنجی عەنبەر كە لەعیراق بەرهەم دێت بنێرن، بەڵام ئەوەی بەرهەم دێت بەشی پێداویستی ناوخۆی عیراق ناكات، دەبێت گرێبەست بكەنەوە تاوەكو برنجێكی باش بێنن و دابەشی بكەن، بەڵام شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق برنجیان وەرگرتوە تەنها هەرێم ماوە.

لەبارەی پێداچوونەوە بە بەشەخۆراكی مانگانە و لێ دەركردنی پلەباڵاكان وتی، پارەیەك تەرخانكراوە بۆ ئەوەی بایۆمەتری چاو بكەن بۆ ئەوكەسانەی بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرن، بۆ ئەوەیە ئەو خەڵكەی نەماوە یان چۆتە دەرەوەی وڵات لێی دەربكەن لەگەڵ ئەوانەی پلەباڵان و مووچەیان بەرزە یان بازرگانن لێی دەردەكەن، تەنها ئەوكەسانە دەمێنێتەوە كە پێویستیان بەبەشە خۆراك هەیە.