سەردێر

سلێمانی.. 8 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە

خەڵك
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی دەڵێت، تاكو ئێستا نزیكەی ٨ هەزار كەس لە سلێمانیدا خۆیان كوتاوە.

د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا دەڵێت، لە ئێستادا چەند ڤاكسینێكی جیاواز كە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و ڕووسیا بەرهەمیان هێناوە لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن، بۆ نموونە ڤاكسینێكی وەكو ئەسترازەنێكا ڕەنگە تاكو ئێستا لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن كەس بەكاریانهێنابێت.

وتیشی، لە سەرەتادا وەك خشتەی جیهان كە دەستمانپێكرد پێكوتەكە بۆ پزیشك و كارمەندی تەندرووستی بوو، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری هاووڵاتیانمان كردووە و شانبەشانی كارمەند و پزیشكان كە ژمارەیان ١٤ هەزار كەسە هاووڵاتیانیشمان كوتاوە ئێستا لە شاری سلێمانیدا نزیكەی ٨ هەزار كەس خۆیان كوتاوە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ درووستنەبووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر جۆری گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسەكەیە، كە گۆڕانكارییەكی كەمی لە خۆیدا كردووە بەڵام ڕێگاكانی خۆپاراستن و چارەسەر وەك خۆیان دەمێننەوە.