سەردێر

پارچە شوێنەوارەكانی ژێر گەڕەكێكی سلێمانی لەچاوەڕێی لەناوچووندان

سلێمانی – نزار جەزا

لەهەفتەی ڕابردوودا كۆمەڵێك پارچە شوێنەواری كۆن لەخانوێكی گەڕەكی جولەكانی شاری سلێمانی دۆزرانەوە، كە تاكو ئێستا دەست بەلێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە نەكراوە و بەپێی گێڕانەوەكان بەشێكی زۆر لەخانووەكانی ئەو گەڕەكە پارچەی شوێنەوار لەژێریاندا هەیە.

پاش ڕووخاندنی خانوێكی كەلەپووری لەگەڕەكی جولەكانی شاری سلێمانی ژمارەیەك پارچەی شوێنەواری دۆزرانەوە، كە دواتر لیژنەیەكی تایبەتی قائیمقامیەتی سلێمانی چوونە شوێنەكە و راپۆرتێكیان لەوبارەیەوە پێشكەش بەبەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی كرد.

سێ كوپەی گەورە، لەتە گۆزە، ئێسك و موروو ئەو پارچە شوێنەوارانەبوون، كە لەژێر خانووە ڕوخێندراوەكەدا دۆزراونەتەوە، كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان مێژووی پارچەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای ساسانییەكان.

پەروین یاوەرمەندە، شوێنەوارناس لەبەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بۆ (خەڵك)ی ئاشكراكرد، ئەو لێكڵینەوانە سەرەتایین، چاوەڕێن لەشوێنەوارەوە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكریت، دواتر بەفەرمی بڕیاری كۆتایی لەبارەی مێژووی ئەو پارچە شوێنەوارانەوە بڵاودەكەنەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەپێی گێڕانەوەی هەندێك لەدانیشتووانی ئەو گەڕەكە، لەساڵانی زوودا كە خانووەكانیان ڕووخاندووە و نوێیان كردۆتوە، زۆرینەیان ئەو پارچە شوێنەوارانە لەژێر خانووەكانیانەوە هەبووە، بەڵام ئاشكرانەكراون.

ئەوەشی وت: بەهۆی ئەوەی ئێستا گەڕەكی جولەكان هەمووی ماڵە و خەڵكی تێدادەژی، ناتوانرێت بزانرێت كە ژێر خانووەكان چییان تێدایە، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەلێكۆڵینەوەی زیاترە.

باسی لەئەوەشكرد، پارچە شوێنەوارە گرنگەكانی لەو شوێنە كۆكردۆتەوە و ناردوویەتی بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار، شوێنەكەش شریتیان لێداوە، بۆئەوەی خەڵك لێی نزیكنەبێتەوە تا ئەوكاتەی بەتەواوی لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.

كلۆدیس جەیمس ڕیچ، لەساڵی ١٨٢٠دا لە گەشتنامەكەیدا، لەبارەی شاری سلێمانی نوسیویەتی، ژمارەی دانیشتووانی ١٠ ھەزار كەسێكەو دوو هەزارو ١٤٤ ماڵی تێدایە، كە ١٣٠ماڵیان ھی جولەكەن، كە بەنزیكەیی جولەكەكان ٧٥٠ كەس بوون و بەشێوەیەكی گشتی لەگەڕەكی جولەكان نیشتەجێبوون.

یەكێك لەبنەماكانی مانەوەی مێژوو و ناسنامەی هەر میللەتێك بریتییە لە كەلەپور و شوێنەوار، بەڵام گەڕەك و خانووە كۆنەكانی سلێمانی بەرەو لەناوچون دەچن، بەجۆرێك لەكۆی 106 خانوو تەنها 5 خانوو نۆژەكراونەتەوە و 50% ی خانووەكانیش لەناوچوون.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.