سەردێر

منداڵێكی 9 مانگ بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا

خەڵك
لە سلێمانی منداڵێكی تەمەن 9 مانگ بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانیش دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە 20 منداڵ بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە كە سەرجەمیان نەخۆشی دیكەیان لەگەڵ بووە.

د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، منداڵێكی تەمەن 9 مانگ بە كۆرۆنا گیانی لە دەستدا كە پێشتر دووچاری كۆرۆنا بووەو بەرگریشی بۆ ڤایرۆسەكە هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەستیاری سنگی هەبووە گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، منداڵەكە بۆ ماوەی 16 ڕۆژ لە خەسەتەخانە ماوەتەوە و دوێنێ‌ هەینی گیانی لەدەستدا.

وتیشی، لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئێستا زیاتر لە 20 منداڵ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سەرجەمیان نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵ بووەو هۆكاری گیان لەدەستدانەكەیان تەنها كۆرۆنا نەبووە.

بەپێی زانیاریەكان منداڵەكە كوڕە ، ناوی (یوسف) ە و خەڵكی قەزای چەمچەماڵە و سێیەم منداڵی خێزانەكەیەتی و خوشك و برایەكی هەیە.