سەردێر

لە بارەی وەرگرتنی ڤاكسین ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، لەمەودوا كەس ناتوانێت بەبێ‌ تۆماركردنی ناو ڤاكسین وەربگرێت، دەشڵێت تا ئێستا 54 هەزار ڤاكسین گەیشتووەتە هەرێم.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شێوازی دابەشكردنی ڤاكسین بە سیستمی ئۆنلاینە لە رێگەی ئەپلیكەیشنی تایبەت بە هەردوو سیستمی “ئەندرۆید” و “ئای ئۆ ئێس”، بەڵام لەمەوبەدوا كەس ناتوانێ بێ ناو تۆماركردن لەو ئەپلیكەیشنانە ڤاكسین وەربگرێت، چونكە داواكاریی لەسەر ڤاكسین زۆر بووە.

وتیشی، بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە دەبێ ئەو كەسە ناوی خۆی لە ئەپلیكەیشنی پێكوتەی دژە كۆرۆنا تۆمار بكات و، بە شێوەیەكی گشتیش لە هەموو بنكە تەندروستیەكان و، لە هەموو شارەكان پێكوتەی دژە كۆرۆنا بەردەستە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا زیاتر لە 54 هەزار پێكوتەی دژە كۆرۆنا گەیشتۆتە هەرێم، و نزیكەی 46 هەزار كەس ناویان بۆ وەرگرتنی پێكوتە تۆمار كردووە، لە رێگەی هاوپەیمانی كۆڤاكسیشەوە بەردەوام لە عێراقەوە پێكوتەمان پێدەگات و، لە چەند رۆژی داهاتوشدا كاروانێكی دیكەی پێكوتەی سینۆفارم دەگاتە هەرێم.

وتیشی، بەهۆی رۆڵی راگەیاندن و لێدوانەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، هاووڵاتیان زیاتر داوای پێكوتەی فایزەر دەكەن، بەڵام پێكوتەكان هەموویان كاران و باشن و هەمووشیان بە دوو جار دەدرێنە هاووڵاتیان.